پرسیار: زەکاتی سەرفترە بۆ مناڵ دەدرێت ئەگەر لەناو سکی دایکی دا بێت؟
وەڵام: زانایان دەڵێن زەکاتی سەرفترە بۆ مناڵ کە لەناو سکی دایکی دایە سوننەتە نەک واجبە، بەڵگە:
- عن ابی قلابة قال: (کانوا یعطون صدقة الفطر حتى يعطوا عن الحبل) أخرجە ابن ابی شیبە و عبدالرزاق.
واتە: (ئەوان زەکاتی سەرفترەیان دەدا ھەتا بۆ ئەو منالەی کە لە سکی دایکی دایە).
- عثمان خوا لێی ڕازی بێت زەکاتی داوە بۆ مناڵ کە لەناو سکی دایکی بێت، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت دەست بە سوننەتی من و خەلیفەکانەوە بگرن.
زانایان دەلێن زەکاتی مناڵی ناو سکی دایکی ئەم دوو حاڵەتەیە:
١- ئەگەر ڕۆحی بە بەردا نەکرا بوو، واتە پێش چوار مانگ بوو، ئەوە سوننەت نییە زەکاتی سەرفترەی بۆی بدەیت.
٢- ئەگەر ڕۆحی بە بەردا کرابوو، واتە دوای چوار مانگی بوو، ئەوە سوننەتە زەکاتی سەرفترەی بۆ بدەیت.
سەبارەت بە مناڵ لە دایک بوو زانایان دەلێن ئەم دوو حاڵەتەیە:
١- ئەگەر لەناو مانگی ڕەمەزان لە دایک بوو یان ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەمەزان پێش خۆر ئاوابوون، ئەوا واجبە زەکاتی سەرفترەی بۆی بدەیت.
٢- ئەگەر دوای مانگی ڕەمەزان لە دایک بوو یان کۆتای ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دوای خۆر ئاوابوون لە دایک بوو، ئەوا سوننەتە زەکاتی سەرفترەی بۆی بدەیت نەک واجبە.