سەردێری پرسیار:حوکمی تاخیر کردنی زەکات؟

بەرواری دانان :2022-04-29 کۆدی پرسیار:2496

پرسیار:

پرسیار: حوکمی تاخیر کردنی زەکات؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن واجبە یەکسەر زەکات بدرێت ئەگەر گەیشتە حەدی نیساب و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕی، وە تاخیر کردنی زەکات دوو حاڵەتە:

یەکەم: ئەگەر تاخیری بکات لەبەر ئەوەی هەژاری دەست نەکەوتووە یان ئەو کەسانەی دەست نەکەوتووە کە زەکاتیان پێ دەشێت، یان عوزری تری هەبێت، لەم حاڵەتە تاوانبار نابێت ئەگەر کەمتەرخەم نەبێت لە گەڕان بەدوای کەسی شایستە.

دووەم: تاخیری دەکات هیچ عوزری نییە، لەم حاڵەتە تاوانبار دەبێت.

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دەبێت زەکات یەکسەر بدرێت ئەگەر لەسەری واجب بوو، وە توانای هەبوو بیدات، نابێت تاخیری بکات، کە ئەمە وتەی ماک و ئەحمەد و زۆربەی زانایانە، لەبەر وتەی: (وَآتُوا الزَّكَاةَ)، ئەم فەرمانە بۆ واجب بوونە یەکسەر). مجموع (٥/٨٠٣).

زانایان دەڵێن دروست نییە زەکات تاخیر بکرێت بۆ مانگی ڕەمەزان کە نییەتێکی باشیشی هەیە، ئەگەر گەیشتبێتە حەدی نیساب و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕ بووبێت، ئەی چۆن دەبێت تاخیر بکرێت بێ عوزر.

زەکات مافی هەژارە یان مافی ئەو کەسەیە کە زەکاتی پێ دەشێت، بۆیە هیچ منەتی تێدانییە و نابێت تاخیر بکرێت، بە تاخیرکردنی زیان بەو کەسە دەگات کە زەکاتی پێ دەشێت، بۆیە موسڵمان وەک هەموو عیبادەتەکانی تر لە کاتی خۆی ئەنجام بدات باشترە، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە.

ئەو عوزرانەی دروستە زەکات تاخیر بدەیت ئەمانەن:

ـ دەست نەکەوتنی هەژار یان کەسی شایستە.

ـ لە مانگی ڕەمەزان زەکاتێکی زۆر دراوە، دەزانێت خەڵکێکی زۆر زەکاتیان داوە و بۆ وەرزی زستان هەژارەکان پێویستیان پێ دەبێت و کەم کەس  یارمەتییان دەدات، لەم حاڵەتە دروستە تاخیر بکرێت، چونکە بەرژەوەندی تێدایە.

ـ لە کاتێک دایە ئەگەر زەکات ئەو کاتە دەربکات زیانی بەردەکەوێت، یان لە کاتێک دایە خۆی پێویستی پێیەتی، یان پارەی لەبەر دەست نییە.

موسڵمان ئەگەر پارەی لەبەردەست نەبێت چەند بۆی دەکرێت شتێک بفرۆشێت بۆ زەکات دان باشترە، یان پێش وەختە حسابی ئەوە بکات کاتی زەکات دان نزیک بووە و پارە ئامادە بکات بۆ زەکات دان، کە ئەمە نیشانەی ئەوەیە زەکات لای شتێکی گرینگە و حەز دەکاتە ئەم ئەمانەتە بەجوانی بەجێ بگەیەنێت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام