سەردێری پرسیار:حوکمی وەسیەت کردن بۆ میراتگر ؟

بەرواری دانان :2018-10-04 کۆدی پرسیار:251

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە کەسێک وەسیەتی ماڵ بکات بۆ میراتگری خۆی ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // عن أبي أمامة رضي الله عنه أن النبي صلى الله عليه وسلم قال : (( إِنَّ اللَّهَ قَدْ أَعْطَى كُلَّ ذِي حَقٍّ حَقَّهُ ، فَلَا وَصِيَّةَ لِوَارِثٍ )) وصححه الألباني في صحيح أبي داود .

واتە : خوای گەورە حەقی ھەموو خاوەن حەقێکی دیار کردووە و پێی داوە بۆ میرات ، وەسیەت نییە بۆ میراتگر .

جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان بۆ وەسیەت کردن بۆ میراتگر دوو وتە ھەیە :

یەکەم // ھەندێک زانا دەلێن وەسیەت کردن بۆ میراتگر دروست نییە بە ھیچ شێوەیەک ، ئەگەر چی میراتگریش ڕازی ببن دروست نییە ، کە ئەمە وتەی ئیمام ئەحمەد و ظاهریەکان و مزنی یە ، بەلگە :

(١) فەرموودەکە ڕوون و ئاشکرایە کە وەسیەت بۆ میراتگر دروست نییە ، وە ئەو ڕیوایەتەی ھاتووە دەلێت : ئیلا ئەگەر میراتگر ڕازی ببێت و بیەوێت ئەمەیان لاوازە .

دووەم // زۆربەی زانایان دەلێن دروستە وەسیەت بۆ میراتگر بکرێت ئەگەر میراتگرەکانی تر ڕازی ببن ، بەلگە :

(١) فەرموودەی ابن عباس ھاتووە دەفەرمووێت : (( إلا أن یشاء الورثة )) رواە الدارقطنی .

واتە : ئیلا ئەگەر میراتگرەکان بیانەوێت و ڕازی ببن .

دەلێن ئەم فەرموودەیە ڕاستە و دروستە وەسیەت بکرێت بۆ میراتگر ئەگەر میراتگرەکانی تر ڕازی ببن .

وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە دروستە وەسیەت بکرێت ئەگەر میراتگرەکان ڕازی ببن ، بەلام باشتر وایە وەسیەت بۆ میراتگرەکان نەکرێت بۆ ئەوەی کێشە و ڕق و کینە نەکەوێتە نێوان میراتگرەکان ، چونکە بە نەڕازی بوونی میراتگرەکان بۆ وەسیەت بۆ کراو " واتە ئەو کەسەی وەسیەتی بۆی کراوە " لێیان تۆڕە دەبێت و بە ڕەزیل و حەسوود وەسفی دەکات کەچی حەقی خۆیانە ڕازی نەبن .

وەسیەت کردن بۆ میراتگر و ڕازی بوون و ڕازی نەبوونی میراتگرەکان تر ئەم سێ حالەتانەن :

حالەتی یەکەم // کەسێک وەسیەت بۆ میراتگرێک خۆی كردووە ، وە ھەموو میراتگرەکانی تر ڕازین ، ئەم وەسیەتە جێ بەجێ دەکرێت .

حالەتی دووەم // کەسێک وەسیەت بۆ میراتگرێک خۆی کردووە ، وە ھەموو میراتگرەکانی تر ناڕازین ، ئەم وەسیەتە جێ بەجێ ناکرێت .

حالەتی سێیەم // کەسێک وەسیەت بۆ میراتگرێکی خۆی کردووە ، ھەندێک میراتگر ڕازی دەبن و ھەندێکی تر ڕازی نابن ، لەم حالەتە ئەوانەی ڕازین وەسیەتەکە بە گوێرەی ئەو بەشەی ھەیەتی لێی دەردەھێنرێت بۆ میراتگری وەسیەت بۆ کراو ، وە ئەوانەی ناڕازین ھیچ لە ماڵیان نادرێت بە وەسیەت بۆ کراو .

زانایان دەلێن دەبێت ئەو میراتگرەی ڕازی دەبێت بالغ بێت و شێت نەبێت ، وە دەبێت ڕازی بوون و ڕێگەدان دوای مردنی خاوەن ماڵ بێت نەک خاوەن ماڵ زیندوو بێت ، چونکە ئەگەر خاوەن ماڵ زیندوو بێت ئەوە مولکی میراتگر نییە ھەتا نەمرێت ، ئەگەر خاوەن ماڵ مرد ئەو كات میراتگرەکان دەبنە خاوەنی ئەو مالە .

کەواتە ئەگەر میراتگرەکان ڕازی بوون کە وەسیەت بکرێت بۆ فلانە میراتگر بەلام ھێشتا خاوەن ماڵ زیندووە و لەش ساغە، پاشان دوای مردنی خاوەن مالەکە میراتگرەکان پەشیمان بوونەوە لەم حالەتە دروستە پەشیمان ببنەوە و وەسیەت پووچ دەبێتەوە .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام