پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە لەسەر فەرموودەی عەممار بدەن کاتێک تەیەممومی کرد؟
وەڵام: عن عَمَّارِ بنِ يَاسِرٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ: بَعَثَنِي النَّبِيُّ (ﷺ) فِي حَاجَةٍ، فَأَجْنَبْتُ فَلَمْ أَجِدِ الْمَاءَ، فَتَمَرَّغْتُ فِي الصَّعِيدِ كَمَا تَتَمَرَّغُ الدَّابَّةُ، ثُمَّ أَتَيْتُ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَذَكَرْتُ لَهُ ذَلِكَ، فَقَالَ: (إِنَّمَا كَانَ يَكْفِيكَ أَنْ تَقُولَ بِيَدَيْكَ هَكَذَا) ثُمَّ ضَرَبَ بِيَدَيْهِ الأَرْضَ ضَرْبَةً وَاحِدَةً، ثُمَّ مَسَحَ الشِّمَالَ عَلَى الْيَمِينِ وَظَاهِرَ كَفَّيْهِ وَوَجْهَهُ، مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ، وَاللَّفْظُ لِمُسْلِمٍ .
واتە: لە عەمماری کوڕی یاسرەوە خوا لێی ڕازی بێت دەڵێ: پێغەمبەر (ﷺ) ناردمی بۆ پێویستی یەک، لەشگران بووم، ئاوم دەست نەکەوت، خۆم گەوزاند لەخۆڵدا ھەروەک ئاژەڵ خۆی دەگوزێنێت، پاشان ھات بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: (تەنھا ئەوەندەت بەس بوو کە بە دەستەکانت وا بکەیت)، پاشان ھەردوو دەستی دا بەزەویدا یەک جار، پاشان مەسحی چەپی کرد بەسەر ڕاستیدا، وە ڕووی ھەردوو دەستی و دەم و چاوی.
وَفِي رِوَايَةٍ لِلْبُخَارِيِّ: (وَضَرَبَ بِكَفَّيْهِ الأَرْضَ وَنَفَخَ فِيهِمَا ثُمَّ مَسَحَ بِهِمَا وَجْهَهُ وَكَفَّيْهِ).
واتە: ڕیوایەتی بوخاری دەفەرمووێت: (ھەردوو دەستی بەزەویدا و فووی لە ھەردوو دەستی کرد، پاشان ڕوخساری مەسح کرد و ھەردوو دەست).
سوودەکانی فەرموودەکە:
١- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە دروستە کەسێک بنێری بۆ پێویستی یەک، ئەگەر بانگەوازی کردن بێت یان جیھاد کردن بێت یان شتی تری وەک ئەمانە، ئەوە عیبادەتە و واجبە، ئەگەر پێویستی یەکی تایبەت بێت ئەوە دروستە، ئەمە نەفی ئەوە ناکات باش نییە داوای لە کەسی تر بکەیت، چونکە ئەگەر بزانی کەسی تر دڵخۆش دەبێت ئەگەر پێی بڵێی ، ئەوە منەتی تۆیە بەسەری ، نەک ھی ئەو بێت بەسەر تۆ. فتح ذي الجلال والإكرام (١/٦٤٨).
٢- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە نابێت تەیەمموم بکەیت ئەگەر ئاو ھەبێت، لەبەر وتەی: (فلم أجد الماء).
٣- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە دروستە ئیجتھاد بکرێت لە بابەتی زانستی، ھەتا لە سەردەمی پێغەمبەریش (ﷺ)، ئەمە بابەتێکی خیلافی یە لەنێوان أصولی یەکان، ڕاسترین سێ وتە ئەوەیە دروستە ئەگەر لەلای پێغەمبەر نەبن (ﷺ) و دوور بن لێی بۆ پرسیار کردن. توضیح الأحکام (١/٣٢٦).
٤- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە قیاس نییە لەگەڵ دەق (واتە: نابێت قیاس بکرێت ئەگەر دەقێکی بڕاوە هەبێت)، چونکە پێغەمبەر (ﷺ) قیاسی عەمماری پووچ کردەوە. فتح ذي الجلال والإكرام (١/٦٤٨).
٥- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە ھەر کەسێک ئیجتھاد بکات و ھەڵە بێت، ئەوە فەرمانی پێ ناکرێتەوە بە دووبارە کردنەوەی، چونکە پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی نەکرد بە عەممار نوێژی خۆی دووبارە بکاتەوە، ئەگەر فەرمانی پێ کردبا نەقل دەکرد لەبەر گرینگی یەکەی، لەسەر ئەمە مجتھد ئەگەر ئیجتھادی کرد و کەمتەرخەم نەبوو و ھەڵەی کرد، ئەوە دووبارەی کردنەوەی لەسەر نییە. فتح ذي الجلال والإكرام (١/٦٣٨-٦٣٩).
٦- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە بۆ ڕوونکردنەوەی شێوەی تەیەمموم کردن، ئەویش ئەوەیە ھەردوو دەستەکانت لە زەوی دەدەیت، پاشان ڕوخساری خۆت مەسح دەکەیت بە ناوەوەی دەستەکانت، پاشان سەرەوەی ھەردوو دەستەکانت مەسح دەکەیت، جا ئەمە بۆ بێ نوێژی بچووک بێت یان گەورە یەک شێوەیان ھەیە. توضیح الأحکام (١/٣٢٦).
٧- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە شێوەی تەیەمموم بۆ بێ نوێژی گەورە و بچووک وەک یەک وایە، پێچەوانەی پاک و خاوێنی ئاو. فتح ذي الجلال والإكرام (١/٦٤٩).
٨- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە مەسح کردنی تەیەمموم یەک جار دەکرێت دووبارە ناکرێتەوە، چونکە عەممار خوا لێی ڕازی بێت باسی ئەوەی نەکردووە پێغەمبەر (ﷺ) مەسح کردنی دووبارە کردبێتەوە.
زانایان دەڵێن : بەم شێوەیە ھەموو مەسحێک ئەگەر دووبارە کرا باش نییە، چونکە جۆرێکە لە پێچەوانەی حوکمی شەرعی، شارع مەسح کردنی داناوە بۆ ئەوەی ببێتە ئاسانکاری، دووبارە کردنەوەی قورس دەبێت، ئەمەیان جۆرێکە لە پێچەوانەی، لەسەر ئەمە ھەر شتێک مەسحی لەسەر دووبارە بکەیت مەکروھە، سەر مەکروھە مەسحی دووبارە بکەیتەوە، ھەردوو خوف مەکروھە مەسحی دووبارە بکەیتەوە، جەبیرە مەکروھە مەسحی دووبارە بکەیتەوە، تەیەمموم مکروھە مەسحی دووبارە بکەیتەوە. فتح ذي الجلال والإكرام (١/٦٤٩-٦٥٠).
٩- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە یەک جار دەستەکانت لەزەوی دەدەیت بۆ تەیەمموم نەک دوو جار، چونکە عەممار ھیچی باس نەکردووە مەگەر یەک مست نەبێت، ھەروەھا جەختی کردۆتەوە فەرموویەتی: (ضربة واحدة). فتح ذي الجلال والإكرام (١/٦٤٩).
١٠- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە واجبە ھەموو ڕوخسار مەسح بکەیت بۆ تەیەمموم نەک ھەندێک ڕوخسار، لەبەر وتەی: (و وجھە)، بەمە ھەڵەی ھەندێک خەلکی عەوام دەزانرێت کە تەنھا ناوەڕاستی ڕوخساش مەسح دەکەن، واجبە لەسەریان ھەموو ڕوخسار مەسح بکەن لە نێو چاوان تا خوارەوەی ڕیش، وە لە گوێ بۆ گوێ، لەبەر وتەی: (و وجھە)، چونکە ھەموو ئەوەی باسمان کرد پێی دەڵێن ڕوخسار. فتح ذي الجلال والإكرام (١/٦٥٠-٦٥١).
١١- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە دروستە فوو بکەیت لە دەستەکانتت دوای دەست لە زەوی دان، دەڵێین: ئەمە مقید کراوە بەوەی ئەگەر خۆڵێکی زۆر بەدەستەوە نووسا بێت. فتح ذي الجلال والإكرام (١/٦٥١).
١٢- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە تەرتیب واجبە بۆ تەیەمموم، جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سێ وتە ھەیە:
یەکەم: ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون تەرتیب سوننەتە، جا تەیەمموم بەدیلی دەست نوێژ بێت یان خۆشۆردن، بەڵگە:
- تەرتیب بۆ دەست نوێژ و خۆشۆردن سوننەتە، کەواتە بۆ تەیەممویش سوننەتە چونکە بەدیلی دەست نوێژ و خۆشۆردنە.
- فەرموودەی عەممار ڕیوایەتی بوخاری ھاتووە مەسح کردنی ھەردوو دەستی پێش مەسحی ڕوخسار خستووە، بەڵگەیە تەرتیب سوننەتە.
دووەم: ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون تەرتیب واجبە، جا تەیەمموم بەدیلی دەست نوێژ بێت یان خۆشۆردن، بەڵگە:
- خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿فَٱمۡسَحُواْ بِوُجُوهِكُمۡ وَأَيۡدِيكُم مِّنۡهُۚ﴾ [المائدة: 6]
بەڵگەیە تەیەمموم بەدیلی دەست نوێژ بێت یان خۆشۆردن دەبێت ڕوخسار پێش دەستەکان بخرێت بۆ مەسح کردن.
- ڕاستە فەرموودەی عەممار ڕیوایەت ھاتووە مەسح کردنی دەستی پێش ڕوخسار خستووە، بەڵام ڕیوایەتەکانی تر ھەموویان مەسح کردنی ڕوخساریان پێش دەست خستووە ھەمان فەرموودەی عەممار، دەبێت کامەیان ڕاست بێت ئەو زۆر ڕیوایەتانەی باسی مەسح کردنی ڕوخسار دەکات پێش دەست، یان ئەو یەک ڕیوایەتی تر؟!
سێیەم: ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەگەر تەیەمموم بەدیلی دەست نوێژ بێت تەرتیب واجبە ھەروەک چۆن بۆ دەست نوێژ واجبە، بەڵام ئەگەر تەیەمموم بەدیلی خۆشۆردن بێت ئەوە تەرتیب سوننەتە ھەروەک چۆن تەرتیب بۆ خۆشۆردن سوننەتە، بەڵگە:
- خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿فَٱمۡسَحُواْ بِوُجُوهِكُمۡ وَأَيۡدِيكُم مِّنۡهُۚ﴾ [المائدة: 6]
بەڵگەیە تەیەمموم دەبێت بەم شێوەیە بکرێت، بەڵام بۆ خۆشۆردن فەرموودەی عەممار ھاتووە دەستی پێش ڕوخسار خستووە، بەڵگەیە بۆ خۆشۆردن تەرتیب سوننەتە.
- تەیەمموم بەدیلی خۆشۆردن و دەست نوێژە، تەرتیب بۆ دەست نوێژ واجبە و بۆ خۆشۆردن سوننەتە، کەواتە تەیەممویش ھەمان حوکمی ھەیە، ئەگەر بەدیلی دەست نوێژ بوو تەرتیب واجبە، ئەگەر بەدیلی خۆشۆردن بوو تەرتیب سوننەتە.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ظاهری بەڵگەکە تەرتیب واجبە بە مطلقی، نابێت قیاس بکەیت لەسەر پاک و خاوێنی ئاو، لەبەر جیاوازی لە پاک و خاوێنی ئاو لە زۆر بنچینەدا، وتەی ڕاست تەرتیب واجبە.
بەڵام تەرتیب لادەچێت بە نەزانین و لەبیرکردن؟
ئەوەی دیار بێت بەڵێ، تەرتیب لادەچێت بە نەزانین و لەبیر کردن ھەموو شتێک.
ئەگەر یەکێک بڵێت: ئایا دروستە تەیەمموم بکەیت لەسەر فەرش و شتی تری وەک ئەمانە؟
وەڵام: ئەگەر خۆڵی لەسەر بێت دروستە، چونکە خۆڵ بەشێکە لە زەوی، ئەگەر خۆڵی لەسەر نەبێت ئەوەی دیار بێت دروست نییە.
ئەگەر یەکێک بڵێت: ئەگەر ھیچ شتێک لەو شوێنە نەبێت ئیلا ئەم فەرشە پاکە نەبێت؟
دەڵێین: تەیەمموم لەسەری لادەچێت لەبەر دەست نەکەوتنی ئاو، لەبەر دەست نەکەوتنی خۆڵ. فتح ذي الجلال والإكرام (١/٦٥١-٦٥٢).
١٣- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە بۆ گەڕانەوە بۆ لای زانایان دوای ئیجتھاد کردن، چونکە عەممار گەڕاوە بۆ لای پێغەمبەر بەوەی کە ئیجتھادی کردبوو. توضیح الأحکام (١/٣٢٧).
١٤- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە دروستە تەیەمموم بکەیت بۆ لەشگرانی ھەروەک چۆن دروستە بکەیت بۆ بێ نوێژی بچووک، چونکە عەممار خوا لێی ڕازی بێت تەیمموم کردنەکەی بۆ لەشگرانی بوو.
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (باسمان کرد تەیەمموم بۆ بێ نوێژی گەورە دروستە، ئەمە مەزھەبی ئێمەیە، وە وتەی تێکڕای ھاوەڵان و تابعی یەکانە و ئەوانەی دواتر، مەگەر عومەر و عبداللە بن مسعود نەبن، وە ابراھیم النخعی لە تابعین، ئەمانە ڕێگریان کردووە، ابن صباغ و کەسانی تر گوتوویانە: وتراوە: عومەر و عبداللە بن مسعود پەشیمان بوونەتەوە لە وتەی خۆیان). المجموع (٣/١٥٦) دار الکتب العلمیة.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە دروستە تەیەمموم بکەیت بۆ لەشگرانی ھەروەک چۆن دروستە بکەیت بۆ بێ نوێژی بچووک، چونکە عەممار خوا لێی ڕازی بێت تەیەمموم کردنەکەی بۆ لەشگرانی بوو.
ئەمەیان ھەموو زانایان یەک دەنگن لەسەری دوای ئەوەی لە کۆنەوە جیاوازی ھەبوو، ئەوەی خیلافی ئەم وتەی کردبێت عومەر بووە خوا لێی ڕازی بێت، دەیفەرموو: لەشگران دەبێت چاوەڕێ بکات تا ئاو دەدۆزێتەوە، پاشان خۆی دەشوات. فتح ذي الجلال والإكرام (١/٦٥٢).