سەردێری پرسیار:دەکرێت ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم فەرموودەیە بدەن: (لا يَغْتَسِلْ أَحَدُكُمْ فِي الْمَاءِ الدَّائِمِ وَهُوَ جُنُبٌ)؟

بەرواری دانان :2022-05-08 کۆدی پرسیار:2512

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم فەرموودەیە بدەن: (لا يَغْتَسِلْ أَحَدُكُمْ فِي الْمَاءِ الدَّائِمِ وَهُوَ جُنُبٌ)؟

دەقی وەڵام:

وَعَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ تَعَالَى عَنْهُ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ): (لا يَغْتَسِلْ أَحَدُكُمْ فِي الْمَاءِ الدَّائِمِ وَهُوَ جُنُبٌ). أَخْرَجَهُ مُسْلِمٌ.

واتە: لە ئەبو ھوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: (با یەکێک لە ئێوە خۆی نەشوات لە ئاوێکی وەستاودا کە لەشگران بێت).

وَلِلْبُخَارِيِّ: (لا يَبُولَنَّ أَحَدُكُمْ فِي الْمَاءِ الدَّائِمِ الَّذِي لا يَجْرِي ثُمَّ يَغْتَسِلُ فِيهِ).

واتە: ڕیوایەتی بوخاری دەفەرمووێت: (با یەکێک لە ئێوە میز نەکات لە ئاوێکی وەستاودا کە ڕێناکا، واتە: "لەبەری نەڕوات "، پاشان خۆی تێدا بشوات).

وَلِمُسْلِمٍ: (مِنْهُ).

واتە: له ڕیوایەتی موسلیم ھاتووە دەفەرمووێت: (پاشان خۆی لێ بشۆرێ، یان خۆی پێ بشۆرێت).

وَلِأَبِي دَاوُدَ: (وَلا يَغْتَسِلْ فِيهِ مِنَ الْجَنَابَةِ).

واتە: له ڕیوایەتی ئەبو داود ھاتووە دەفەرمووێت: (با خۆی نەشوات لەناو ئاوێک ئەگەر لەش گران بێت).

(ثم یغتسل منە): واتە: پاشان خۆی لێ بشۆرێ، یان خۆی پێ بشۆرێت.

جیاوازی نێوان ئەم دوو ڕیواتە: (ثم یغتسل فیە) و(ثم یغتسل منە).

ڕیوایەتی یەکەم: (ثم یغتسل فیە), واتە خۆی بشوات لەناو ئەو ئاوەی کە میزی تێدا کردووە.

ڕیوایەتی دووەم: (ثم یغتسل منە) واتە خۆی بشوات بەو ئاوە، واتە لەناو ئاوەکە خۆی ناشوات، لەدەرەوەی ئاوەکە خۆی دەشوات، بەھۆی قاپێکەوە یان ھەر شتێکی تر ئاوەکە وەردەگرێت بۆ خۆ شۆردن.

عبداللە بن عبدالرحمان ال بسام خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: ("ثم یغتسل فیە"، ثم (للإستبعاد)ه، واتە: دوورە لە عەقل ئەم کردەوەیە بکرێت) توضیح الأحکام (١/١١٠).(١/٦٠).

سوودەکانی فەرموودەکە:

١- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەرئەوەی کە نەھی کراوە خۆت بشۆی لە ئاوی وەستاودا ئەگەر لەشگران بووی، تاوەکوو ئاوەکە بە پاکی بمێنێتەو و خەڵکی سوودی لێ وەربگرن، هەروەها ئاوەکە بەکارهاتووە خەڵک ناتوانێت سوودی لێ وەربگرێت، بۆیە هەندێک زانا ئەم فەرموودەیە دەکەنە بەڵگە نابێت ئاوی بەکارهاتوو بەکار بهێنیت، دواتر جیاوازی نێوان زانایان باس دەکەن إن شاء اللە.

لەوانەیە کەسێک بڵێت: جا خۆ مەنی خاوێنە، ئەگەر خۆت بشۆیت لەناو ئاوی وەستاودا ئاوەکە پیس نابێ؟

وەڵام: وتەی ڕاست ئەوەیە بەڵێ مەنی خاوێنە، بەڵام لەبەر ئەوەی نەھی کراوە ناتوانی بەکاری بھێنێت و خۆتی تیادا بشۆیت، چونکە ئاوێک ئەگەر مەنی و ئاسەواری مەنی و لەشگرانی پێوە دیار بێت خەڵکی قێزو بێزیان لێ ی دەبێتەوەو ناتوانن بەکاریبێنن و سوودی لێ وەربگرن.

٢- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە کە دروستە خۆت لەناو ئاوێکی وەستاودا بشۆیت ئەگەر خۆشۆردنی لەشگرانی نەبێت، چونکە نەھی تەنھا لەوە کراوە كە بۆ لەشگرانی نابێت، ماناکەی ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر بۆ خاوێن بوونەوە خۆت بشۆیت ھیچی تێدا نییە و دروستە، بەڵام وتەی ڕاست ئەوەیە دروست نییە، چونکە:

- فەرموودەکە نەھی کردووە لە خۆشۆردن بۆ لەشگرانی کە مرۆڤ پێویستی پێیەتی لەبەر نوێژ، ئەگەر ئەمە دروست نەبێت بۆ خۆ خاوێن کردن لەپێشترە دروست نەبێت.

- ڕیوایەتی بوخاری دەفەرمووێت: (ثم یغتسل فیە)، ئەم خۆشۆردنە ھەردووکیان دەگرێتەوە، لەشگران و جگە لە لەشگران.

٣- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە دروستە خۆت بشۆیت بە ئاوێک لەبەری بڕوات، واتە وەستاو نەبێت، چونکە فەرموودەکە نەھی کردووە لە خۆ شۆردنی ناو ئاوی وەستاو، ماناکەی ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر ئاوێک بڕوات دروستە خۆتی تێدا بشۆیت.

٤- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە كه شەریعەتی ئیسلام بۆ پاک و خاوێنی و خۆ دوورخستنەوە لە قڕێژ ھاتووە، چونکە نەھی کراوە لە خۆشۆردن لە ئاوی وەستاودا جا ئاوەکە زۆر بێت یا کەم، ئاوەکە گۆڕابێت یا نەگۆڕابێت، چونکە ئەگەر جاری یەکەم نەگۆڕێت ئەوا جاری دووەم یا سێیەم یا چوارەم کاری تێ دەکات.

٥- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە نابێت میز بکەیتە ناو ئاوی وەستاو و پاشان خۆتی پێ بشۆیت، جا میز کردنەكه ڕاستەوخۆ بێت یا ناڕاستەوخۆ.

ڕاستەوخۆ: واتە کەسێک یەکسەر میز دەکاتە ناو ئاوی وەستاو جا چ لەناو ئاو، یا لە دەرەوەی ئاو بێت له کاتی میزکردنەکە.

ناڕاستەوخۆ: واتە دەست بەجێ میز لەکەسەوەکەوە نقل نابێت بۆ ناو ئاوەکە، بەڵکو بەھۆی شتێکەوە نقل دەبێت، وەک ئەوەی کەسێک میز بکاتە ناو گڵاسێک یان گۆزەیەکەوە، پاشان بيکاتە ناو ئاوە وەستاوەکەوه.

زانایان دەڵێن فەرموودەکە ھەردوو حاڵەت دەگرێتەوە، سەبارەت بە حاڵەتی ڕاستەوخۆ ھەموو زانایان یەک دەنگن کە فەرموودەکە حاڵەتی ڕاستەوخۆ دەگرێتەوە، بەڵام لەسەر حاڵەتی ناڕاستەوخۆ جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایان بۆ ئەمەش دوو وتە ھەیە:

وتەی یەکەم: زۆربەی زانایان دەڵێن فەرموودەکە گشتی یە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەگرێتەوە.

وتەی دووەم: ظاهری دەڵێن فەرموودەکە تەنھا ڕاستەوخۆ دەگرێتەوە.

واتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە.

٦- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە حەڕامە میز له ناو ئاوی وەستاوەوە بکەیت، چونکە:

- ئەصلی نەھی بۆ حەڕامی یە، مەگەر بەڵگە ھاتبێت بەوەی لە حەڕامی دایبەزاندبێت بۆ کەڕاھەت.

- فەرموودەکە ھیچ جیاوازی نەخستۆتە نێوان ئاوی کەم و زۆر بۆ حەڕامی و کەڕاھەت، ئەگەر بڵێیين: بۆ ئاوی کەم حەڕامە و بۆ ئاوی زۆر مەکروھە، ئەوە سەر دەکێشیت بۆ ئەوەی کە خەلکانێک ئاسانکاری تێدا بکەن، واجبە لەبەر ئەم حالەتە دەرگا دابخرێت.

عبداللە بن عبدالرحمن ال بسام خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان بۆ ئەم نەھی یە, كه ئایا بۆ حەڕامی یە یان کەڕاھەتە؟ مالکی بۆ ئەوە چوون کە مەکروھە، بناغە بۆ ئەمە ئاوەکە پاکە و لەسەر پاکی خۆی ماوەتەوە.

حەنابلە و ظاهری بۆ ئەوە چوون کە حەڕامە.

ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ئەگەر ئاوەکە کەم بێت حەڕامە، ئەگەر زۆر بێت مەکروھە.

ظاهری فەرموودەکە بەڵگەیە کە حەڕامە بۆ ئاوی زۆر و کەم، ئەگەر چی عیلەتی لەبەر پیس بوونیش نەبێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە تا خەڵک بێزيان بێت بەکاری بھێنن). توضیح الأحکام (١/١١٢).

٧- زانایان دەڵێن ئەم فەرموودەیە ئاوی دەریا ناگرێتەوە، ھەموو زانایان یەک دەنگن کە دروستە میزی تێدا بکەیت و خۆتی پێ بشۆیت.

ابن دقیق العید ڕەحمەتی خوای لێ بێت لە شەرح العمدة (١/١٢٧) دا دەفەرمووێت: ئاوی دەریا داخلی ئەم فەرموودەیە نابێت بە یەک دەنگی ھەموو زانایان.

٨- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە كه نابێت پیسایيش بکەیت لە ناو ئاوی وەستاوەوە، دەڵێن ئەگەر میز دروست نەبێت ئەوا پیسایی لەپێشترە بۆ ئەوەی دروست نەبێت، چونکە:

- عیلەتی نەھی کردنی میز لەناو ئاوی وەستاو بۆ ئەوەیە تا ئاو پیس نەبێت، یان تاکو سەلامەت بێت و خەلک بێزيان بێت بەکاری بێنن، ئەگەر پیسایش بکەیتە ناوی ھەمان شتە.

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زۆربەی زانایان ھیچ جیاوازی ناخەنە نێوان میز و پیساییەکانی تر). المغني (١/٣٩).

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت :(داود الظاهری دەڵێت: دروستە پیسایی بکەیتە ناو ئاوی وەستاو، ئەو ئاوەی لەبەری ناڕوات.

وتەی ڕاست ئەوەیە حەڕامن، واتە: میز و پیسایی ھەردووکیان حەڕامن، کە زۆربەی زانایانی ئومەت لەسەر ئەمەن). فتح ذي الجلال والإكرام (١/٧٧).

٩- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە دروست نییە میز بکەیت لە ناو ئاوی وەستاوەوەو پاشان دەست نوێژ بەو ئاوە بگریت، چونکە خۆشۆردن و دەست نوێژ یەک شتن، وە ڕیوایەت ھاتووە نەھی لە دەست نوێژ شۆردنیش کردووە بەو ئاوە.

فەرموودەی ئەبو ھوڕەیڕە ھاتووە بە مەڕفوعی: (لا یبولن أحدکم في الماء الدائم ثم يتوضأ منه). أخرجە النسائي (٤٩/١)، وأحمد (٢٤٨/١٦)، وابن حبان (٤/ ٦٠ ، ٦١ )، وابن خزیمە (٩٤)، و صححە الألبانی فی صحیح الجامع برقم (٧٥٩٤).

ابن دقيق العید ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (بزانە نەھی کردن لە خۆشۆردن تایبەت نییە تەنھا بە خۆشۆردنەوە، بەڵکو دەست نوێژیش ھەمان مانای ھەیە، هەروەک ڕیوایەت ھاتووە: "لا یبولن أحدکم في الماء الدائم ثم يتوضأ منه"، ئەگەر فەرموودەش نەھاتبوایا ئەوە زانراو و بڕاوە بوو، لەبەر یەکسانی خۆشۆردن و دەست نوێژ لە حوکم دا). شرح العمدة.

١٠- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە ئاوی وەستاو پیس نابێت ئەگەر میزیشی تێدا بكرێت، چونکە نەی فەرموو: ئاوەکە پیس دەبێت، بەڵکو تەنھا نەھی كرد لە میزكردن و خۆشۆردن تيايدا، ئیلا ئەگەر ئاوەکە گۆڕدرابێت بە میز، وە یاخود تام یان بۆن یان ڕەنگی گۆڕدرابێ، ئەوا پیس دەبێت و نابێت بەکاری بھێنی.

١١- ئەم فەرموودە بەڵگەیە ئەگەر دوای میز کردن لەناو ئاوی وەستاو خۆی بشوات یان دەست نوێژ بگرێت، ئەوا خۆشۆردن و دەست نوێژەکەی دروستە، چونکە ئاوەکە پاکە و دەست نوێژ و غوسلی کردووە بە شێوەیەکی دروست بە تەواوی ڕوکنەکانەوە.

١٢- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە دروستە میز بکەیتە ناو ئاوێک كه وەستاو نەبێت و لێی بڕوات، چونکە فەرموودەکە تەنھا نەھی کردووە لە ئاوی وەستاو، ماناکەی ئەوە دەگەیەنێت ئاوێک ئەگەر لەبەری بڕوات دروستە میزی تێدا بکەیت، بەڵام بەمەرجێک ئاوەکە پیس نەبێت و ببێتە هۆی ئەوەی کەسانی تر نەتوانن بەکاری بھێنن.

هەندێک زانا دەڵێن نابێت میز بکەیت ناو ئاوێک کە لەبەری دەڕوات، چونکە عیلەتی فەرموودەکە لەبەر ئەوەیە پیس نەبێت، ڕاستە ئەوەی لەبەر دەڕوات بەرگەی زیاترە و ئەگەری پیس بوونی کەمترە لەوەی ئاوەکە وەستاو بێت، بەڵام ئەگەر زۆر خەڵک پیسای یان میز بکاتە ناو ڕووبار یان ئەو ئاوەی لەبەر دەڕوات پیس دەکات، بۆیە ئەگەر خۆت بپارێزی باشترە.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (لێرەدا حەڵاڵ نییە ئەم كاره بکات ئەگەر بێتوو ئەم ئاوە بۆ خەڵکانێک بڕوات كه دەست نوێژ یان شتی تری پێ ئەنجام بدەن، نەک لەبەر ئەوەی نەھی فەرموودەکە دەیگرێتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە موسلمانان ئەزیەت دەدات، وه ئەزیەت دانی موسڵمانيش دروست نییە). فتح ذي الجلال والإكرام (١/٧٧).

١٣- فەرموودەکە بەڵگەیە نابێت میز بکەیتە ئاوی وەستاو و پاشان خۆتی تێدا بشۆیت، ماناکەی ئەوە دەگەیەنێت کە دروستە میز بکەیتە ناو ئاوی وەستاوەوە بێ ئەوەی خۆتی تێدا بشۆیت، بەڵام وتەی ڕاست ئەوەیە تەنانەت میزکردنیش نابێت.

زانایان دەڵێن ئەم حاڵەتانە ھەموویان دەگرێتەوە کە دروست نییە:

- تەنھا میز کردنە ناو ئاوی وەستاو، بێ ئەوەی خۆتی تێدا بشۆیت.

- میز کردنە ناو ئاوی وەستاو، پاشان خۆتی تێدا بشۆیت، یان لە دەرەوەی ئەو ئاوە خۆت بەو ئاوە بشۆی بەھۆی قاپێکەوە.

- میز کردنە ناو ئاوی وەستاو، پاشان دەست نوێژ بەو ئاوە بشۆیت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام