پرسیار: کەسێک ماڵی حەڕامە، ئایا دروستە ماڵی بخۆیت ئەگەر چوویتە مالیان؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە خواردنی ماڵی خەڵک دەڵێن:
١- ئەگەر ھەموو ماڵی حەرام بێت، نابێت ماڵی بخۆیت ئەگەر حەڕام (لعینە) بێت، بەڵام ئەگەی حەڕام (لکسبە) بێت مەجالی تێدایە.
٢- ئەگەر ھەموو ماڵی حەلال بێت دروستە ماڵی بخۆیت.
٣- ئەگەر ھەندێک مالی حەڕام بێت و ھەندێکی تر حەڵاڵ بێت، واتە: حەڕام و حەڵاڵ تێکەڵ بە یەکتر بووبێت، ئەوە دروستە ماڵی بخۆیت.
ھەندێک زانا دەڵێن ماڵی حەڕام دوو جۆرە: br>
(محرم لعینە): وەک عەرەق و بەراز و ماڵی دەست بەسەر داگرتوو و دزی و ماڵی تری ھاوشێوەی ئەمەنە، ئەمەیان نابێت بخۆیت حەڕامە.
(محرم لکسبە): ئەوەی مرۆڤ بە دەستی دەھێنێت وەک فرۆشتنی عەرەق و مامەلەی ڕیبا و کرێی گۆرانی و کرێی زینا، ئەمەیان بەدەست دێت بە ڕەزامەندی ھەردوو لا نەک بە دزی و دەست بەسەرداگرتن، ئەمەیان حەڕامە لەسەر ئەو کەسەی بە دەستی ھێناوە، ئەگەر کەسێک لێ وەربگرێت بە ڕێگای ڕێگەپێدراو دروستە، وەک ھەدیە یان کرێ لێوەرگرتن یان خێزانی پارەی لێ وەربگرێت بۆ مەسرەف.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ھەندێک زانا دەڵێن: ئەوەی حەڕام بێت (لکسبە) و بە دەست ھێنانی تاوانەکەی لەسەر کاسبەکەیە نەک لەسەر ئەو کەسەی وەردەگرێت لێی، پێچەوانەی ئەوەی کە حەڕام (لعینە) بێت، وەک: عەرەق یان دەست بەسەر داگرتن و شتی تری وەک ئەمانە، ئەم وتەیە بەھێزە، بە بەلگەی ئەوە پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم خواردنی کڕیوە لە جوولەکە بۆ ماڵی خۆی، وە وەڵامی دەعوەتی جوولەکەی داوەتەوە، ئەوەی زانراو بێت جوولەکە ڕیبا و حەڕام دەخوات). القول المفيد على كتاب التوحيد (٣/١١٢).
وتەی ڕاست ئەگەر ماڵ حەرام بێت (لعینە) ئەوە نابێت بخۆیت، بەڵام ئەگەر حەڕام بێت (لکسبە) ئەوە دروستە بخۆیت.