پرسیار // ئەگەر پیاو مناڵی نەبێ ژنەکەی چەند میرات وەردەگرێ ؟ وە ئەگەر ژن مناڵی نەبێ پیاوەکەی چەند میرات وەردەگرێ کە پاش مردن ژنەکە مالی هەبێت ؟
وەلام // زانایان دەلێن ژن و پیاو میرات لە یەکتر وەردەگرن ، ھەر یەکەیان دوو حالەتە :
پیاو میرات لە ژن وەردەگرێت بە دیار کراوی " بالفرض " لەم دوو حالەتە :
حالەتی یەکەم / ئەگەر خێزنی بمرێت مناڵی لە پاش خۆی بەجێ نەھێشتبێت ، لەم حالەتە پیاو نیوەی ماڵی خێزانی خۆی دەبات .
نموونە : ئافرەتێک دەمرێت لە پیاوی خۆی و باوکی ، پیاوی ئافرەت نیوەی مال دەبات وە ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ باوکییەتی .
حالەتی دووەم / ئەگەر خێزانی بمرێت مناڵی لە پاش خۆی بەجێ ھێشتووە ، لەم حالەتە پیاو چارەکی ماڵی خێزانی خۆی دەبات .
نموونە : ئافرەتێک دەمرێت لە پیاوەکەی و کوڕەکەی ، پیاوی ئافرەت چارەکی مال "میرات" دەبات وە ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ کوڕەکەیەتی .
ئافرەتیش میرات لە پیاو وەردەگرێت بە دیار کراوی "بالفرض" لەم دوو حالەتە :
حالەتی یەکەم / ئەگەر پیاوەکەی بمرێت مناڵی لەپاش خۆی بەجێ نەھێشتبێت ، لەم حالەتە ئافرەت چارەکی ماڵی پیاوی خۆی دەبات ، وە ئەگەر پیاوێک چوار ژنی ھەبێت لەم حالەتە چارەکی ماڵ بەسەر ھەر چوار ژنەکاندا دابەش دەکرێت .
نموونە : پیاوێک دەمرێت لە خێزانی خۆی و باوکی خۆی ، ژنی پیاوەکە چارەکی میرات دەبات وە ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ باوکییەتی .
حالەتی دووەم / ئەگەر پیاوەکە بمرێت مناڵی لەپاش خۆی بەجێ ھێشتووە ، لەم حالەتە ئافرەت ھەشت یەکی میرات وەردەگرێت ، ئەگەر پیاو چوار ژنی ھەبێت ئەو ھەشت یەکە بەسەر چوار ژنەکاندا دابەش دەکرێت بە یەکسانی .
نموونە : پیاوێک دەمرێت لە خێزانی خۆی و کوڕەکەی خۆی ، خێزانی ھەشت یەک میرات وەردەگرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ کوڕەکەیەتی .
بەلگە : خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وَلَكُمْ نِصْفُ مَا تَرَكَ أَزْوَاجُكُمْ إِن لَّمْ يَكُن لَّهُنَّ وَلَدٌ ۚ فَإِن كَانَ لَهُنَّ وَلَدٌ فَلَكُمُ الرُّبُعُ مِمَّا تَرَكْنَ ۚ مِن بَعْدِ وَصِيَّةٍ يُوصِينَ بِهَا أَوْ دَيْنٍ ۚ وَلَهُنَّ الرُّبُعُ مِمَّا تَرَكْتُمْ إِن لَّمْ يَكُن لَّكُمْ وَلَدٌ ۚ فَإِن كَانَ لَكُمْ وَلَدٌ فَلَهُنَّ الثُّمُنُ مِمَّا تَرَكْتُم ۚ مِّن بَعْدِ وَصِيَّةٍ تُوصُونَ بِهَا أَوْ دَيْنٍ ....... (١٢) )) النساء
واتە : لەو میراتە ژنانتان بەجێی دەھێلن ئەگەر منالیان نەبێ ، کوڕ یان کچ نیوەی میرات بۆ ئێوەی ھەیە ، ئەگەر منالیان ھەبوو ئێوەی ئەی پیاوەکان چوار یەکتان ھەیە لە میرات لەوەی کە ژنانتان بەجێی ھێشتوون ، ئەمەش دوای ئەنجام دانی وەسیەتێک کردوویانە ، یان دانەوەی قەرز کە لەسەریانە ، ژنەکانتان چواریەکی میراتتان دەگرن بەمەرجێ منداڵتان نەبێ ، جا ئەگەر تەنھا یەک ژنتان ھەبوو ، ھەموو چوار یەک بۆ ئەو دەبێت ، خۆ ئەگەر زیاتر بوون ئەوا بەیەکسانی دابەش دەکرێ لەنێوانیاندا ، خۆ ئەگەر مناڵیشتان ھەبوو ژنانتان ھەشت یەکی میراتەکەیان پێ دەدرێ ، پاش دانەوەی قەرزێک لەسەرتانە یان پێکھێنانی وەسیەتێک کردووتانە ....
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ