پرسیار // ئافرەتێک مردووە ئەمانەی لە داوی خۆی بەجێ ھێشتوون ، پیاو و وە خوشکی ڕاستەقینە و وە دوو برای زڕ " واتە دوو برا لە دایک " میرات چۆن دابەش دەکرێت ؟
وەلام // پیاوی ئافرەت نیوەی میرات دەبات چونکە مناڵی نییە ، خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وَلَكُمْ نِصْفُ مَا تَرَكَ أَزْوَاجُكُمْ إِنْ لَمْ يَكُنْ لَهُنَّ وَلَدٌ .... الآية )) النساء / 12 .
واتە : نیوەی ماڵ بۆ ئێوەیە ئەوەی خێزانتان بۆتان بەجێ دەھێلن ئەگەر مناڵیان نەبوو .....
خوشکی ڕاستەقینە نیوەی میرات دەبات ، خوای گەورە دەفەرمووێت : (( إِنِ امْرُؤٌ هَلَكَ لَيْسَ لَهُ وَلَدٌ وَلَهُ أُخْتٌ فَلَهَا نِصْفُ مَا تَرَكَ )) النساء / 176 .
واتە : ئەگەر کەسێک مرد ھیچ مناڵی نەبوو تەنھا خوشکێکی ھەبوو ئەوا نیوەی میراتەکە دەبات .
دوو برای زڕ سێیەکی میرات دەبەن ، خوای گەورە دەفەرمووێت : (( وَإِنْ كَانَ رَجُلٌ يُورَثُ كَلَالَةً أَوِ امْرَأَةٌ وَلَهُ أَخٌ أَوْ أُخْتٌ فَلِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ فَإِنْ كَانُوا أَكْثَرَ مِنْ ذَلِكَ فَهُمْ شُرَكَاءُ فِي الثُّلُثِ ))النساء / 12 .
واتە : خۆ ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک مرد " باوک و باپیر و مناڵی نەبوو " بەلکو برایەک یان خوشکێکی دایکی ھەبوو ، چونکە ئەگەر خوشکی دایکی نەبن میراتەکەی جۆرێکی ترە ، ھەر یەکەیان شەش یەکی میراتەکەی بۆی ھەیە ، ئەگەر برا و خوشکە دایکییەکان زیاتر بوون لە یەک ھەموویان سێیەکی میرات دەبەن نێرینە و مێینە بە یەکسانی .
پرسیار ئەوەیە ئەگەر پیاو نیوەی میرات ببات و وە خوشکی ڕاستەقینەش نیوەی میرات ببات ئەوا ھیچ نامێنێت بۆ دوو برای زڕ ، ئەم بابەتە پێی دەلێن عول .
عول : ئەوەیە کە سەھەمەکان زیاترن لە ئەسلی بابەتەکە ، لەم حالەتە میرات دابەش دەکەیت بۆ ھەشت بەش ، لەم ھەشت بەشە سێی بۆ پیاو ، وە سێی بۆ خوشکی ڕاستەقینە ، وە دووی بۆ دوو برای زڕ .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ