سەردێری پرسیار: میراتی دایک چەندە ئەگەر مناڵی لێ بمرێت ؟

بەرواری دانان: 2018-10-04 کۆدی پرسیار: 256

پرسیار:

پرسیار // میراتی دایک چەندە ئەگەر مناڵی لێ بمرێت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن میراتی دایک ئەم سێ حالەتەیە :

حالەتی یەکەم // دایک لە شەش بەش یەک بەش میرات دەبات ئەگەر :

(١) نەوەی ھەبێت ، واتە کوڕ و کچی ھەبێت یان نەوەی ھەبێت نەوەی کوڕ نەک نەوەی کچ .

(٢) دوو خوشک یان برا یان خوشک و برای ھەبێت .

نموونە : کەسێک دەمرێت لە دایکی و کوڕی خۆی ، ئەوا دایک لە شەش بەش یەک بەش میرات دەبات و ئەوەی دەمێنێتەوە ھەموو بۆی کوڕیەتی .

کەسێک ٦٠٠٠$ بەجێ ھێشتووە ، ئەوا دایک لە شەش بەشی میرات یەک بەش دەبات واتە ١٠٠٠$ دەبات ، وە ئەوەی دەمێنێتەوە ھەموو بۆ کوڕیەتی .

نموونە : کەسێک دەمرێت لە دایکی و کچی و مامی ، ئەوا دایک لە شەش بەش یەک بەش میرات دەبات چونکە مردوو کچی ھەیە ، وە کچەکەی نیوەی میرات دەبات ، وە ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ مامی مردووە .

حالەتی دووەم // دایک لە سێ بەشی میرات یەک بەشی میرات دەبات ئەگەر :

(١) نەوەی نەبێت ، واتە کوڕ و کچی نەبێت یان نەوەی نەبێت نەوەی کوڕ نەک نەوەی کچ .

(٢) دوو خوشک یان برا یان خوشک و برای نەبێت .

(٣) نابێت حالەتەکە یەکێک بێت لە عمیرتین ، واتە میراتگری مردوو ئەم دوو حالەتە نەبن : (أ) مێردی مردوو و دایک و باوک . (ب) ژنی مردوو و دایک و باوک .

نموونە : کەسێک دەمرێت لە دایک و باوکی ، دایک لە سێ بەشی میرات یەک بەش میرات دەبات ، وە ئەوەی دەمێنێتەوە ھەموو بۆ باوکە .

کەسێک ٦٠٠٠$ بەجێ ھێشتووە دایک لە سێ بەش یەک بەش میرات دەبات واتە ٢٠٠٠$ دەبات ، وە ئەوەی دەمێنێتەوە ھەموو بۆ باوکە .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بنچینەیەک بۆ میراتی دایک : ئەگەر مردوو نەوەی ھەبێت جا چ نێرینە بێت یان مێینە ئەوە دایک لە شەش بەش یەک بەش دەبات ، ئەگەر دوو خوشک و برای ھەبێت ئەوا لە شەش بەش یەک بەش میرات دەبات ، ئەگەر یەک برای ھەبێت ئەوا لە سێ بەش یەک بەش دەبات ، وە ئەگەر نەوەی نەبێت و وە ھیچ خوشک و برای نەبێت ئەوا لە سێ بەش یەک بەش میرات دەبات . )) الشرح الممتع ج٥ لاپەڕە ١٨ " دار ابن هيثم "

حالەتی سێیەم // دایک لە سێ بەشی میرات کە دەمێنێتەوە یەک بەش دەبات ئەگەر حالەتەکە عمیرتین بوو بەم شێوەیە بوو :

(١) پیاوی و دایک و باوک ، واتە کەسێک لە پیاو و دایک و باوکی خۆی دەمرێت ، پیاو نیوەی میرات دەبات چونکە منالی نییە ، وە لە سێ بەشی میراتی دەمێنێتەوە یەک بەش بۆ دایکە و وە ئەوەی تر بۆ باوکە .

ئافرەتێک ٦٠٠٠$ بەجێ ھێشتووە ، پیاوی ئافرەتەکە نیوەی میرات دەبات واتە ٣٠٠٠$ ، وە دایکی ئافرەتەکە لە سێ بەشی میراتی دەمێنێتەوە یەک بەش دەبات ، واتە میراتی ماوە ٣٠٠٠$ ئەم بڕەیە بکە سێ بەش لەو سێ بەشە یەک بەش بۆ دایکە کە دەکاتە ١٠٠٠$ ، وە ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ باوکە .

(٢) ژن و دایک و باوک ، واتە کەسێک لە ژن و دایک و باوکی خۆی دەمرێت ، ژنی مردووەکە لە چوار بەشی میرات یەک بەش دەبات چونکە منالی نییە ، وە دایک لە سێ بەشی میرات کە دەمێنێتەوە یەک بەش دەبات ، وە ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ باوکە .

پیاوێک ٤٠٠٠$ بەجێ ھێشتووە ، ژنی پتاوەکە لە چوار بەش یەک بەش میرات دەبات واتە ١٠٠٠$ دەبات ، وە دایک لە سێ بەشی دەمێنێتەوە یەک بەش دەبات واتە ١٠٠٠$ ، وە ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ باوکە .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام