پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر ئایەتی نەزەر کردن؟
وەڵام: خوای گەورە دەفەرمووێت: (قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ٣٠ وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ).
واتە: (ئهی پێغهمبهر (ﷺ)) به پیاوانی ئیماندار بڵێ: چاویان بپارێزن (لهسهرنجدانی ئافرهتانی نامهحرهم) ههروهها نامووس و عهورهتی خۆیان له حهرام بپارێزن، بێگومان ئهوه پاکترو پوختتره بۆیان (بۆ دڵ و دهروون و ڕواڵهت و ڕۆح و لاشهیان) بهڕاستی خوا ئاگاداره بهو ههڵس و کهوت و ڕهفتارانهی که دهیکهن.
به ئافرهتانی ئیمانداریش بڵێ: چاویان بپارێزن (له تهماشای نامهحرهم) داوێنی خۆیان بپارێزن له گوناهـ.
سوودەکانی ئایەتەکان:
١- گرینگی دان بە داپۆشینی چاو و پاراستی فەرج، لەبەر ئەوە خطاب بە: ﴿قُلْ﴾، هاتووە.
٢- ڕێز و شەڕەفی ئیمانداران بە وەسف کردنیان بە ئیماندار، لەبەر وتەی: ﴿قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ﴾.
٣- واجبی پاراستنی چاو لە سەیرکردنی حەڕامەکان، لەبەر وتەی: ﴿يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ﴾، وتەی: ﴿يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ﴾، ئەمەیان گشتی یە ژن و پیاو دەگرێتەوە.
٤- ئاماژەکردن بۆ ئەوە داوێن پاک نابێت و خۆی ناپارێزێت لە سەیر کردنی حەڕام مەگەر کەسێک بێت ئیمانی پتەوی هەبێت، لەبەر وتەی: ﴿قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ﴾، وتەی: ﴿وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ﴾.
٥- وتەی: ﴿مِنْ أَبْصَارِهِمْ﴾، وتەی: ﴿مِنْ أَبْصَارِهِنَّ﴾، ئاماژەیە بۆ وتەی عەلی خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: (سەیرکردن با شوێنی سەیرکردنی تر نەکەوێت، چونکە سەیرکردنی یەکەم هی تۆیە و هی تر هی تۆ نییە و دروست نییە سەیری بکەیتەوە).
٦- واجبی پاراستی فەرج لە حەڕام، لەبەر وتەی: ﴿وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ﴾، وتەی: ﴿وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ﴾.
٧- پاراستنی چاو و فەرج لە حەڕام پاکترە بۆ ئیماندار، لەبەر وتەی: ﴿ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ﴾، ماناکەی ئەوە هەڵدەگرێت نەپاراستنی چاو و فەرج هۆکارن بۆ پیسی.
٨- سەرەتا خوای گەورە باسی تەماشاکردنی حەڕامی کردووە پێش پاراستنی داوێن، چونکە سەرەتای کاری زینا لە بینین و تەماشاکردنی نادروستەوە سەرچاوە دەگرێت، ھەروەک چۆن ئاگر لە پێشدا لە بلێسەوە دروست دەبێت، جا لە پێشدا تەماشایەکە، پاشان بیرۆکەیەکە، دواتر ھەنگاوێکە سەرئەنجام تاوانێکە.
زۆربەی ئەو تاوانانەی تووشی مرۆڤ دەبن سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تەماشاکردنی نادروست، چونکە وەک زنجیرەیەکی یەک لە دوای یەک وایە بەرە و حەزو ئارەزوو و تەماشاکردن ھەنگاو دەنێت، دواتر بیرۆکە دروست دەکات، بیرۆکەش دەبێتە بیرێکی تەواو، بیریش حەز و ئارەزوو دەبزوێنێت، ئارەزووش ئیرادە دروست دەکات، دواتر ئەو ئیرادەیە دەبێت عەزیمە و سووربوون لەسەر جێ بەجێکردنی ئەو کارە، کە سەر ئەنجام تاوان ڕوودەدات، ھیچ بەربەستێک و ڕێگریەکی دەرونی ئاستەنگی بۆ دروست ناکات.
ھەر بۆیە وتراوە: ئارام گرتن لەسەر ئەنجام نەدانی تەماشاکردن و نەزەری حەڕام باشترە لە ئارام گرتن لە کارەساتەکەی.
زۆر جار نەزەر کردنی نا دروست دەبێتە مایەی خەم و پەژارە و دڵ تەنگی و داخ و حەسرەت، بە تایبەتی ئەوەی دەبینێت بە دەستی ناکەوێت و لە ھەمان کاتیشدا ناتوانێت ئارام بێت، لێرەدا غەم و پەژارە ڕووی تێ دەکات.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە کە ھەر تەماشاکردنێک برینێک دەکاتە نێو دڵەوە، تا برین لەسەر برین زیاد دەکات، وتراوە: بەند کردنی چاوەکان بۆ چەند ساتێک باشترە لەخەم و پەژارەیەکی بەردەوام، واتە: کاتێک تەماشای شۆخێک ناکەیت و چاوی خۆت دەگریت، چیتر بیری لێ ناکەیتەوە و نابێتە مایەی خەم و پەژارەت.
٩- سووری دینی ئیسلام لەسەر پاککردنەوەی نەفس، لەبەر وتەی: ﴿ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ﴾.
١٠- خوای گەورە خەبیرە بەوەی بەندەکان دەیکەن لە شتی دیار و شاراوە و وورد و درشت، لەبەر وتەی: ﴿إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ﴾.
١١- جێگیرکردنی خیبرە و زانستێکی فراوان بۆ خوای گەورە، لەبەر وتەی: ﴿إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ﴾.
١٢- پێش خستنی پیاو بەسەر ئافرەت ئاماژەیە بۆ فەزلی پیاو بەسەر ئافرەتەوە بەشێوەیەکی گشتی، لەبەر وتەی: ﴿قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ﴾، وە وتەی: ﴿وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ﴾، پیاوان بەشێوەیەکی گشتی باشترن لە ئافرەت، هەروەک خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَلِلرِّجَالِ عَلَيْهِنَّ دَرَجَةٌ﴾ [البقرة: 228]
١٣- گرینگی دانی شەرع بە چاو داپۆشین و پاراستنی فەرج و تەئکیدکردنەوە لە واجبی یەکەی، لەبەر وتەی: ﴿قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ﴾، و پاشان فەرمووی: ﴿وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ﴾، بۆ هەر جنسێک بەشێوەیەکی تایبەت باسیکردووە، نەی فەرموو: (قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ والْمُؤْمِنَاتِ).
١٤- تایبەت کردنی ئافرەت بە خطاب بۆ پاراستنی چاو و فەرج زیادە تەئکیدکردنەوەیە لە ئافرەت، ئاماژەیە بۆ ترسناکی سەیرکردنی حەڕامی و نەپاراستنی فەرج بۆیان، چونکە زۆربەی جار خطاب تەنها بۆ پیاوە و ئافرەتیش دەگرێتەوە، بەڵام لێرە بە شێوەیەکی تایبەت باسیکردووە.