پرسیار // بۆچی ئەگەر کەسێک بمرێت یەکەم جار قەرزی پێش وەسیەت دەخرێت ، کەچی خوای گەورە دەفەرمووێت : (( مِنْ بَعْدِ وَصِيَّةٍ يُوصِي بِهَا أَوْ دَيْنٍ )) [ النساء : ١١ ] ؟
وەلام // خوای گەورە دەفەرمووێت : (( مِنْ بَعْدِ وَصِيَّةٍ يُوصِي بِهَا أَوْ دَيْنٍ )) [ النساء : ١١ ] .
واتە : ئەمە مافی میراتگرەکانە دوای پێکھێنانی وەسیەتی مردووەکە یان دانەوەی قەرزەکانی .
لەم ئایەتە یەکەم جار باسی وەسیەتی کردووە پاشان باسی قەرزی کردووە ، بەلام ھەموو زانایان یەک دەنگن کە قەرز پێش وەسیەت دەخرێت .
ابن کثیر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( قەرز پێش وەسیەت دەخرێت ، وە دوای قەرز وەسیەت و پاشان میرات ، ئەمەیان یەک دەنگی ھەیە لەنێوان زانایان . )) تفسيره ابن کثیر (2 / 201) .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بۆچی خوای گەورە وەسیەتی پێش قەرز خستووە لەم ئایەتە : (( مِنْ بَعْدِ وَصِيَّةٍ يُوصِي بِهَا أَوْ دَيْنٍ )) لەگەڵ ئەمەش ئەوەی پێش دەخرێت قەرزە ؟
وەلام // جێگیر بووە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت بڕیاری داوە بە دانەوەی قەرز پێش وەسیەت ، بەلام زانایان ڕەحمەتی خوایان لێ بێت دەلێن : حیکمەت لە پێش خستنی وەسیەت بەسەر قەرز :
یەکەم // چونکە وەسیەت کەس نییە داوای بکات ، چونکە ھەیە ئەوەی وەسیەتی بۆی کراوە نازانێت بە وەسیەت کە وەسیەتی بۆی کراوە .
دووەم // قەرز ئەگەر میراتگرەکانی کەمتەرخەمی تێیدا بکەن ھەیە داوای قەرزی خۆی دەکات ، بەلام وەسیەت بەم شێوەیە نییە ، لەبەر ئەوە پێش خراوە بۆ ئەوەی گرینگی پێی بدەن و بۆ ئەوەی میراتگرەکان تیایی نەبەن و کەمتەرخەمی نەکەن . )) شرح الممتع ج٥ لاپەڕە ٢٧ ، دار ابن ھیثم .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ