پرسیار: من قوتابیم داوای زانستی شەرعی دەکەم، کەسانێک هەندێک جار غەیبەتم دەکەن و قسەم پێ دەلێن لەلای خەڵکانی تر، هەڵوێستم چۆن بێت؟
وەڵام: لە (فضل بن أبي عياش) دەگێڕنەوە دەفەرمووێت: من دانیشت بووم لەلای وەهبی کوری مونەبهـ، پیاوێک هاتە لای گوتی: من بەلای فلانە کەسدا تێپەڕیم باسی تۆی دەکرد و قسەی بەتۆ دەگوت، وەهب توڕە بوو فەرمووی: (شەیتان کەسی نەدۆزییەوە بکاتە نێردراوی خۆی جگە لەتۆ؟)، پیاوەکە مایەوە و زۆری پێ نەچوو پیاوەکەی تر هات ئەوەی باسی وەهبی کردبوو، سەلامی لە وەهب کرد، ئەویش وەڵامی دایەوە و دەستی خۆی بۆ درێژ کرد و تەوقەی لەگەڵ کرد و لە تەنیشت خۆی دانا و دانیشت. (صفة الصفوة) لابن الجوزي (1/457).
لەپێشترین کەس دوای زانا قوتابی زانستە کە دڵی سەلامەت بێت بەرامبەر ئیمانداران و خەڵک، دەبێت دەست بەسەر سەری خەڵکدا بێنێت و لە خراپە بیانگێڕێتەوە، دەبێت بە ڕەوشتی جوان و مامەڵەی جوان شەڕی خەڵک کەم بکاتەوە یان نەهێلێت، نەک بە قسەی ڕق و ڕق و کینە و یەکتر بریندار کردن، قوتابی زانست لەگەڵ خەڵک تێکەڵ دەبێت و دەبێت ڕەوشتی جیاواز بێت لە خەڵکی تر، دەبێت پێشەوا بێت و خەڵک پێی کاریگەر بێت.
کەسێک قسەت پێ دەڵێت و غەیبەتت دەکات چاکەکانی ئەو بۆ تۆ دێن و خراپەی تۆش بۆ ئەو دەبن لە ڕۆژی قیامەتدا، بەڵام برای خۆتە باشتر وایە بەزەیت پیا بێتەوە و دوعای بۆ بکەیت و چاکەی لەگەڵ بکەیت و ڕێزی بگریت بەڵکو غەیبەتت تەرک بکات، دەبێت لە دڵەوە پێت ناخۆش بێت براکەت بەهۆی تۆوە سزا بدرێت، ئەمە برایەتی ڕاستەقینەیە لە دیندا کە بەهێزترە لە برایەتی نەسەب.