پرسیار: ئادابەکانی سەفەری عومرە چین؟
وەڵام: زانایان دەڵێن هەندێک ئاداب هەن موسڵمان دەبێت سوور بێت لەسەری کاتی سەفەر کردن بۆ عومرە، لەوانە:
١ـ دەبێت دەست پێشخەری بکات لە تەوبە کردن لە هەموو تاوانەکان.
٢ـ وەسیەت بنووسێ و ئەوەش بنووسێ کە چی لەسەرە لە قەرز، وە چەند پێی بکرێت قەرزی خەڵک بداتەوە و ئەمانەتەکانیش تەسلیمی خاوەنەکانیان بکاتەوە، ئەگەر خۆی نەیتوانی وەکیلێک لە جیاتی خۆی دابنێ و ئەو کارانەی پێ بسپێرێ.
٣ـ نەفەقە بەجێ بهێلێت بۆ ماڵ و مناڵ و ئەوانەی لەسەری واجبە مەسرەفیان بکات تا دەگەڕێتەوە.
٤ـ دەبێت نەفەقەکە ماڵێکی پاک و حەڵاڵ بێت بۆ خۆی و مناڵەکانی.
٥ـ دەبێت خۆی فێری ئەحکامەکانی عومرە بکات، وە پرسیار بکات لە هەر شتێک کە کێشەی بۆ دروست بووه یان لێی تێکەڵ بووە، ئەگەر نامیلکەیەکی ئاسانی لەبەردەست بێت یان لەناو موبایل ئەوە باشترە.
٦ـ هەڵبژاردنی هاوڕێی باش لە سەفەر کە ئەهلی تاعەت و عیبادەت بێت، وە خۆت بەدوور بگرە لە تەنیایی.
٧ـ سوننەتە خواحافیزی لە خێزان و دراوسێ و هاوڕێ و خۆشەویستەکانت بکەیت بەو شێوەیەی کە سوننەت باسیکردووە.
ئەوەی سەفەر دەکات ئەمە دەڵێت: (أسْتَوْدِعُ اللَّه دِينَك وأمانَتَك وخَواتِيمَ عملك).
ئەوەی نیشتەجێ یە و خواحافیزی لێی کراوە ئەمە دەڵێت: (زَوَّدَكَ اللَّهُ التَّقْوَى وغفر ذَنْبَك ويسَّر لك الخير حَيْثُما كُنْتَ).
٨ـ زۆر زیکر خوا کردن و قورئان خوێندنەوە و دوعا کردن، لەوانە دوعای سوار بوون و سەفەر کردن و تەسبیحات کاتی نزم بوونەوە و تەکبیرە کاتی بەرز بوونەوە، وە گوتنی: (ٲعوذ بكلماتِ اللهِ التَّامَّات مِن شَرِّ ما خَلَقَ)، کاتی دابەزین لە شوێنێک، وە دوعا کردن کاتی بەرەبەیان.
٩ـ دەرچوون لە ڕۆژی پێنج شەممە، لەبەر کردەوەی پێغەمبەری خوا صلَّى الله عليه وسَلَّم.
١٠ـ دەبێت نەرم و نیان و ڕەوشت جوان بیت لەم سەفەرە، زمانت بگریتەوە لە غەیبەت و خەڵک ئەزیەت دان و نەمیمە و گاڵتە کردن و قسەی بێ سوود.
١١ـ حەڕامە لەسەر ئافرەت سەفەری حەج و عومرە بکات بێ مەحرەم.
١٢ـ سوننەتە مسافر چاکە لەگەڵ هاوڕێکانی بکات، وە دەستی بگرێتەوە لە ئەزیەت دانی و فەرمانی پێیان بکات بە چاکە و نەهی لێیان بکات لە خراپە بە حیکمەت و بەگوێرەی توانای.
١٣ـ پارێزگاری لە پێنج نوێژەکان بکات بە جەماعەت.
١٤ـ ئەگەر خێزان و مناڵی لەگەڵ نەبێت سوننەتە پەلە بکات لە گەڕانەوە بۆ لایان.
١٥ـ سوننەت وایە یەکسەر نەچێتە لای خێزانی خۆی کاتی گەڕانەوە، مەگەر پێش وەختە خەبەری گەڕانەوەی پێی دابێت، بۆ ئەوەی ئافرەت خۆی ئامادە بکات و جوان بکات.
١٦ـ سوننەت وایە کاتی گەڕانەوە لەسەفەر بچێتە مزگەوتی نزیک ماڵەوە دوو ڕەکاعەت نوێژ ئەنجام بدەیت.