پرسیار: حوکمی ئاوات خواستن بە مردن وەک شەوق بۆ گەیشتن بە دیداری خوا؟
وەڵام: زانایان دەڵێن دروستە کەسێک کردەوەی باشە و حەز دەکات بگات بە دیداری خوا ئاواتی مردن بخوازێت، بەڵگە:
خوای گەورە دەفەرمووێت: (قُلْ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ هَادُوا إِنْ زَعَمْتُمْ أَنَّكُمْ أَوْلِيَاءُ لِلَّهِ مِنْ دُونِ النَّاسِ فَتَمَنَّوُا الْمَوْتَ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ)، هەندێک زانا دەکەنە بەڵگە لەسەر دروستی دوعا کردن بە مردن و ئاوات خواستن پێی، هەر کەسێک کردەوەی باش بێت ئەوە ئاواتی ئەوە دەخوازێت زوو بمرێت، هەروەها هەر کەسێک تامەزرۆی دیداری خوا بێت حەز دەکات زوو بگات بە دیداری، سەبارەت بە ئاواتی مردن خواستن لە ترسی فیتنەی دین ئەمەیان دروستە بێ ئەوەی جیاوازی هەبێت. (مجموع رسائل ابن رجب) (1/112).
ئاواتی مردن خواستن چەند جۆرێکە:
ـ ئاواتی مردن دەخوازێت لەبەر زیان و نەخۆشی دونیا، ئەمەیان دروست نییە.
ـ ئاواتی مردن دەخوازێت لە ترسی فیتنەی دین، ئەمەیان دروستە.
ـ ئاواتی مردن دەخوازێت بۆ شەهید بوون و بەدەست هێنانی پلەی شەهادەت، ئەمەیان دروستە.
ـ کەسێک کردەوەی باشە و متمانەی بە کردەوەی خۆی هەیە، شەوقی هەیە بە دیداری خوا بگات، ئەمەیان دروستە.
ـ ئاواتی مردن دەخوازێت بۆ جگە لەو حاڵەتانەی باسمان کرد، ئەمەیان جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان لەسەر کەراهەتی و سوننەتی، کۆمەڵێک ڕوخسەتیان داوە و کۆمەڵێکی تر بە مەکروهیان داناوە. (لطائف المعارف) لاپەڕە (295).