پرسیار: مەرج چییە بۆ نوێژ کورت کردنەوە؟
وەڵام: زانایان دەڵێن نوێژ کورت کردنەوە چەند مەرجی هەیە:
١ـ دەبێت لە سەفەر بێت، واتە ئەو شوێنەی بۆی دەڕوات عورف بەسەفەر حسابی بکات، یان لەسەر وتەی زۆربەی زانایان ماوەی سەفەرەکەی بە نزیکەیی (٨٨) کم بێت.
٢ـ نابێت نییەتی مانەوەی هەبێت لەو شوێنەی بۆی دەچێت، یان ماوەی کۆتایی هاتنی نوێژ کورت کردن لەو شوێنە چوار ڕۆژە، زیاتر لە چوار ڕۆژ باشتر وایە نوێژ تەواو بکات ئەگەر لەو کەسانە نەبێت گیری خواردبێت نەزانێت کەی دەگەڕێتەوە.
٣ـ دەبێت لە مالی خۆی و شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆی دەرچووبێت بۆ سەفەر، نابێت لە مالەوە یان شاری خۆی نوێژ کورت بکات و دواتر سەفەر بکات، چونکە کورت کردن تایبەتە بە سەفەر نەک حضر، هەورەها کەسەکە نەبۆتە مسافر تا دەردەچێت لە شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆی.
٤ـ مەرج نییە بۆ کورت کردنەوەی نوێژ لەسەفەر کاتی ئەو نوێژ بەسەرت دابێت کە کورتی دەکەیت، هەر کەسێک کاتی نوێژی بەسەردابێت و دوای داخل بوونی کاتی نوێژ سەفەر بکات، ئەوە دروستە لەسەفەر کورتی بکاتەوە.
٥ـ دەبێت نییەتی نوێژ کورت کردنی هەبێت لەسەر وتەیەک لە وتەکان، ئەبو حەنیفە و وتەیەک لە وتەکانی مالک و ئەحمەد و ابن تیمیە و ابن عثیمین بۆ ئەوە چوون کورت کردنەوەی نوێژ پێویستی بە نییەت نییە. چونکە:
ـ نوێژ کورت کردن لەسەفەر ئەسڵە، پێویستی بە نییەت نییە.
ـ مقیم کاتێک دەگاتەوە شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆی پێویستی بە نییەتی تەواوکردنی نوێژ نییە، کورت کردنیش بەهەمان شێوەیە.
ـ نەقل نەکراوە پێغەمبەری خوا فەرمانی کردبێت بە هاوەڵان بە نییەت هێنان بۆ کورت کردنەوەی نوێژ و کۆکردنەوە.