پرسیار: مەبەست چییە لە سەردانی گۆڕستان کردن؟
وەڵام: ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سەردانی گۆڕستان کردنی یەکخواپەرستەکان مەبەستیان سێ شتە:
یەکەم: ئاخیرەتیان بیردەکەوێتەوە و پەند و ئامۆژگاری وەردەگرن، ئەمەش پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم ئاماژەی بۆ کردووە دەفەرمووێت: (زُورُوا الْقُبُورَ؛ فَإٍنَّهَا تُذَكِّرُكُمُ الآخِرَةَ).
دووەم: چاکە کردن لەگەڵ مردوو، نابێت هەجری بکەیت و لەبیری بکەیت هەروەک چۆن کەسێک سەردانی زیندووی نەکردووە بۆ ماوەیەکی درێژ و لەبیری کردووە، ئەگەر سەردانی زیندوو بکات ئەوە دڵی پێ خۆش دەبێت، ئەوە مردوو لەپێشترە و زیاتر دڵ خۆش دەبێت، چونکە لە شوێنێکە لە براکانی و خزم و دۆست و ناسیاوەکانی دابڕاوە، ئەگەر سەردانی بکات و هەدیەیەکی بۆ بنێرێت لە دوعا بۆ کردن یان خێر یان ئاژەڵ کردنه خێر بۆی، ئەوە دڵی پێ خۆش دەبێت، هەروەک چۆن زیندوو دڵی بەوە خۆش دەبێت کەسێک سەردانی بکات و هەدیەی پێ بدات، بۆیە پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم ڕێگەی داوە ئەوانەی سەردانی گۆڕستان دەکەن دوعای ڕەحمەت و لێخۆش بوون بۆ مردوو بکەن، ڕێگەی نەداوە دوعای لێ بکەن و نوێژ لەلای گۆڕیان بکەن.
سێیەم: چاکەی ئەوەی سەردانی گۆڕستان دەکات بۆ نەفسی خۆی بەوەی شوێن سوننەت دەکەوێت، چاکە بۆ نەفسی خۆیەتی و بۆ ئەوانەی سەردانیشی کردوون). (إغاثة اللهفان) (1/218)