پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر نوێژی ویتر؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە ویتر دەڵێن:
ـ نوێژی ویتر سوننەتە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان.
ـ سەرەتای کاتی ویتر دوای نوێژی عیشا دەست پێ دەکات، وە بە هەلاتی فەجر کۆتایی دێت.
ـ باشتر وایە ویتر لە کۆتایی شەودا ئەنجام بدرێت، واتە: سێیەکی کۆتایی شەو، ئەگەر کەسێک ترسی ئەوەی هەبێت بە ئاگا ناهێت باشتر وایە لە سەرەتای شەودا ئەنجام بدات.
ـ ژمارەی ڕەکاعەتەکانی ویتر دەتوانی بە یەک ڕەکاعەت ئەنجامی بدەیت، وە دەتوانی بە سێ ڕەکاعەت و دەتوانی بە پێنج و حەوت و نۆ ڕەکاعەت ئەنجام بدەیت.
ـ سوننەتە لە نوێژی ویتر لە ڕەکاعەتی یەکەم سورەتی (الاعلی) بخوێنی، وە سورەتی (الکافرون) لە ڕەکاعەتی دووەم بخوێنی، وە لە ڕەکاعەتی سێیەم (الاخلاص)، وە هەندێک جار لە ڕەکاعەتی سێیەم لەگەڵ سورەتی (الاخلاص) سورەتی (الفلق) و (الناس)ی دەخوێندەوە.
ـ هەر کەسێک ویتری ئەنجامدا لە سەرەتای شەو، پاشان شەو هەستا بۆ نوێژ، ئەوە دوو ڕەکاعەت دوو ڕەکاعەت شەو نوێژ دەکات بێ ئەوەی ویتر هەڵوەشێنێتەوە، دوو ویتر لە یەک شەودا ئەنجام نادرێن.
ـ هەر کەسێک ویتری لەگەڵ ئیمام ئەنجامدا باشتر وایە لەگەڵی سەلام بداتەوە لە تەڕاویحدا ئەگەر ویستی دوای ویتر شەو نوێژ ئەنجام بدات.
ـ سوننەتە قنوت بخوێندرێت لە ویتردا، باشتر وایە پێش ڕکوع بخوێندرێ و دروستە دوای ڕکوعیش بخوێندرێت.
ـ سوننەتە دوای ویتر (٣) جار ئەم زیکرە بخوێنی: (سبحانَ الملكِ القدُّوس)، جاری سێیەم دەنگ هەڵبێنی.
ـ هەر کەسێک ویتر تەرک بکات بە ئەنقەست تا هەڵاتنی فەجر، ئەوە ئەو خێرە گەورەیەی لەدەست چووە و ناتوانێت قەزا بکاتەوە، سەبارەت بەوەی ویتری لەبیرکردووە یان نووستووە بە ئاگا نەهاتووە، ئەمەیان دەتوانێ قەزا بکاتەو.
ـ مرۆڤ ئەگەر نووست یان ویتری لەبیر کرد، ئەوە ئەو کاتە ئەنجام دەدات ئەگەر بیری کەوتەوە، بەڵام ویترەکە وەک هی شەو ئەنجام نادات، ویتر دەکات بە جووت، لەبەر فەرموودەی عائیشە دەفەرمووێت: (پێغەمبەری خوا ئەگەر شەو خەوی لێ کەوتبا یان ئازاری هەبوایا ئەوە شەو نوێژی لە ڕۆژدا قەزا دەکردەوە، لە بری (١١) ڕکاعەت (١٢) ڕەکاعەتی ئەنجام دەدا). ٲخرجە مسلم (٧٤٦).
ـ ویتر بە جووت قەزا دەکرێتەوە ئەگەر لە شەوی
بیری کەوتەوە ویتری ئەنجام نەداوە، چونکە کاتی ویتر ڕۆیشتووە.
ـ دوعای خەتمی قورئان نابێت لە نوێژی ویتردا بخوێندرێت.