سەردێری پرسیار:حوکمی بەرگدوری بۆ ئافرەتان؟

بەرواری دانان :2022-12-19 کۆدی پرسیار:2670

پرسیار:

پرسیار: حوکمی بەرگدوری بۆ ئافرەتان؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: ئەسڵ وایە بەرگدوری دروستە، جا جل و بەرگی پیاو بێت یان ئافرەت، هەروەها ئەوەی جل و بەرگ دەدورێت پیاو بێت یان ئافرەت، بەڵام دەبێت ڕەچاوی شەرع بکرێت، نابێت پیاو قیاسی ئافرەت بگرێت و دەستی بەر لاشەی ئافرەت بکەوێت.

سەبارەت بە جل و بەرگ دورین بۆ ئافرەت:

ـ ئەگەر بزانی ئافرەتەکە سفۆرە و ئەو جل و بەرگەی بۆی دەدوری بۆ دەرەوە لەبەر دەکات و جل و بەرگی شەرعی نییە، ئەوە دروست نییە بۆی بدوری و حەڕامە، چونکە یارمەتی دەری بۆ سفۆر و بەژداری لە تاواندا. 

ـ ئەگەر بزانی جلەکە ناشەرعی یە بەڵام ئافرەتەکە ملتەزمە و بۆ ماڵەوە لەبەر دەکات یان بۆ پیاوی لەبەر دەکات لە ماڵەوە، ئەمەیان دروستە.

ـ ئەگەر جل و بەرگ بدوری نازانی کەسەکە ملتەزمە یان خراپە، یان دابەش دەکرێت بەسەر بازاڕدا، ئەوە حوکم بۆ زۆرینەیە، ئەگەر زۆرینەی خەڵکی ئەو شوێنە پابەند بن بە حیجابی شەرعیەوە، ئەوە دروستە، ئەگەر زۆرینەی پابەند نەبن بە حیجابی شەرعیەوە، ئەوە دروست نییە جل و بەرگی ناشەرعی بدوری، چونکە بۆ دەرەوە یان لای نامەحرەم لەبەر دەکات.

دەبێت جل و بەرگ لە سنوری شەرعدا بێت، نابێت جل و بەرگێک بدورێت بۆ ئافرەتان تایبەت بێت بە پیاوان، هەروەها نابێت خۆ چوواندن بێت بە کافرەکان، وە نابێت جل و بەرگی ناوبانگ بێت ... هتد.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام