سەردێری پرسیار:حوکمی سەربڕدراوی نوێژنەکەر؟

بەرواری دانان :2023-01-26 کۆدی پرسیار:2688

پرسیار:

پرسیار: ئەفەرموون سەربڕاوی دەستی نوێژنەکەر حەرامە، گەر بۆ میوانداری بچین و لە خوانەکەدا گۆشت دانرابوو جائزە بیخۆین لە کاتێکا هیچی لەبارەوە نەزانین؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: موسڵمان ئەگەر نوێژ نەکات ئەم سێ حاڵەتانەن:

١- نوێژ ناکات باوەڕی پێی نییە، یان دەڵێت واجب نییە یان دەڵێت نوێژ نەکردن باشترە لە نوێژ کردن، ئەمەیان کافرە بە یەک دەنگی هەموو زانایان، وە حەڕامە و بە هیچ شێوەیەک دروست نییە سەربڕدراوی بخۆیت، چونکە هەڵگەڕاوەتەوە لە دین.

٢- نوێژ ناکات بە یەکجاری، بەڵام باوەڕی بە نوێژ هەیە و دەزانێت تاوانبارە و نوێژ کردن باشترە و دەزانێت واجبە بەڵام لە تەمبەلی ناکات، ئەمەیان جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان ئایا کافرە یان موسڵمانە؟ زۆربەی زانایان دەلێن موسڵمانە، هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون کافرە.

٣- هەندێک جار نوێژ دەکات و هەندێک جار نوێژ ناکات لە تەمبەلی، ئەمەیان وتەی ڕاست ئەوە کە موسلمانە، ئەگەر سەربڕدراوی بخۆیت دروستە.

مەرجی حەڵاڵ بوونی گۆشتی ئاژەڵ ئەم دوو مەرجەیە:

ـ دەبێت ناوی خوای لەسەر بخوێندرێ.

ـ دەبێت ئاژەڵەکە خوێنی لێ بڕاوات.

ئەگەر یەکێک لەم دوو مەرجانەی تێدانەبوو گۆشتەکە حەڕامە.

بەڵام لەم ڕۆژەگاری ئێستا زۆربەی زۆری خەڵکی خۆیان ئاژەڵ سەر نابڕن، بەڵکو گۆشت لە قەساب دەکڕن، یان ئەگەر لە ماڵی خۆشیان سەرببڕن قەساب دێتە ماڵەوە بۆیان سەر دەبڕێت، زانایان دەڵێن ئەسل وایە دەبێت گومانی باش ببەیت لە وڵاتی موسلمانان تا بۆت ڕوون دەبێتەوە، کەواتە گۆشتی ئاژەڵ و مریشک لە چێشتخانەکانی موسڵمانان حەڵاڵە، نابێت زیادەڕەوی بکەیت و پرسیار بکەیت مەگەر دڵنیابیت بە ڕێگای ناشەرعی سەربڕدراوە یان (بسم اللە) لەسەری نەهێنراوە.

پرسیار کراوە لە ابن عثیمین: حوکمی ئەم کردەوەیە چییە هەندێک لە براکان دەیکەن کاتێک دەچن بۆ چێشتخانە پرسیاری ئەو مریشکانە لێیان دەکەن، زۆر پرسیاری لێ دەکەن دەڵێن ئەمە باشترە لە بابی وەرع هەتا تووشی گومان نەبین؟

لە وەڵام دا دەفەرمووێت: (ئەمە لە بابی وەرع نییە، وەرع ئەوەیە شوێن سوننەت بکەویت، وەرع ئەوە نییە زیادەڕەوی بکەیت، بەڵکو ئەمە بەهیلاک چوونە، هەروەک پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: "هلك المتنطعون"، سێ جار ئەمەی دووبارە کردەوە.

عائیشە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: "خەڵکانێک هاتن بۆ لای پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم، گوتیان: ئەی پێغەمبەری خوا خەڵکانێک دێنە لامان گۆشتمان بۆ دێنن ئێمە نازانین ناوی خوای لەسەر هێنراوە یان نە؟ پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی: (ناوی خوای لەسەر بڵێن و بیخۆن). لقاء الباب المفتوح.

سەبارەت بە قەساب یان مریشک فرۆش ئەگەر یەقیت هەبێت ئەمانە نوێژ ناکەن و بسم اللە لەسەر سەربڕین ناڵێن، لەم حاڵەتە نابێت لەمانە بکڕیت و نابێت ئەو گۆشتە بخۆیت، واللە أعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام