پرسیار: ئایا تەنها پیاو حۆری بۆی هەیە، ئافرەت حۆری پیاوی بۆی نییە لە بەهەشتدا؟
وەڵام: زانایان دەڵێن یەکێک لە نیعمەتە گەورەکانی بەهەشت ئەوەیە هیچ ئافرەتێک بێ پیاو نابێت، وە هیچ پیاوێکیش بێ ژن نابێت، ئافرەتی بەهەشت تەنها پیاوی خۆیان خۆش دەوێت و هیچ شتێکی تر بە جوانتر نابینن لە پیاوی خۆیان، وە ئارەزوویان بۆ هیچ پیاوێکی تر ناچێت جگە لە پیاوی خۆیان، تەنها سەیری پیاوی خۆیان دەکەن و سەیری پیاوی تر ناکەن، چونکە هەرگیز سەیرکردنی پیس و حەڕام نییە لە بەهەشتدا، هەروەها دڵی نەخۆش و پیسیش نییە تا بەدوای پیاوی تر بگەڕێن، بەهەشت شوێنی ڕێزگرتنە نەک شەڕ و خراپە، شەهوەتی حەڕام و ئاوات خواستن نییە.
حۆری لە بەھەشتدا عالەمێکی غەیبییە و مەجالی تێدا نییە خەلک بە عەقلی خۆی لێکدانەوەی بۆ بکات، قورئان وەسفی حۆری کردووە بە مێینە، ھەر کەسێک بڵێت حۆری پیاویش ھەن لە بەھەشت ئەوە شتێکی جێگیر کردووە بێ ئەوەی دەق ھاتبێت لە وەحی، ئەمەیان وتە دانە پاڵ خوای گەورەیە بێ زانست.
بەڵێ ئافرەتیش پاداشت وەردەگرێت لەسەر کردەوەی باش ھەر وەک چۆن پیاو پاداشت وەردەگرێت، وە شتێکی ئاساییە و دوور نییە ئەگەر پاداشتی ژن و پیاو لێک جیاواز بن.