پرسیار: من ئافرەتێکم شووم کردووە بەزۆری منیان بەشوو داوە، پیاوەکەم خۆش ناوێت بەڵام ئارامم گرتووە لەپێناو خوا، ئایا لە بەهەشتیش هەر بۆ ئەم پیاوە دەبم؟
وەڵام: بەشوودانی ئافرەت بەزۆری بێ ئەوەی ئافرەت ڕازی بێت حەڕامە، وەلی ئافرەت تاوانبار دەبێت، ئەمە ستەمە لێت کراوە.
سەبارەت بە ژیانی بەهەشت تەواو جیاوازە لە ژیانی دونیا، ڕق و کینە و ناتەبایی نییە لە بەهەشتدا، ڕوخسار و شێواز و قسە و مامەڵەی مرۆڤ زۆر جوانە، ئافرەت خۆشەویستترین کەسی لەلای دەبێتە پیاوەکەی، لەگەڵ پیاوی خۆی دەژیت بە خۆشترین ژیان.
بە پێچەوانەشەوە خۆشەویستترین کەست لە دونیا جا باوکت بێت یان دایکت ئەگەر کافر بێت و بچێتە دۆزەخ لە بەهەشت خەم و پەژارەی بۆ ناخۆیت، بەهەشتت لێ تاڵ نابێت لەبەر چوونە ناو دۆزەخی دایک و باوکت.
ئەوەی گرینگ بێت ئێستایە کە تۆ تێدایت ئەویش تاقیکردنەوەیە لەم دونیایە، زۆر خەڵک ناگەن بە ئاواتی خۆیان، ئەگەر هەموو کەس گەیشتبان بە ئاواتی خۆیان لەم دونیایەدا هەرچییان ویستبا، ئەوە تاقیکردنەوەکە ئاسان دەبوو، بۆیە تەقوای خوا بکە خوای گەورە دەرگای خێرت بۆ دەکاتەوە.