پرسیار // ئایا دروستە زەکاتی سەرفترە بدەم بۆ مردوو لە مانگی ڕەمەزان مردووە ؟ ئایا دروستە زەکاتی سەرفترە بدەم بەڕۆژوو نەبوویمە لە مانگی ڕەمەزان ؟
وەلام // زانایان دەلێن زەکاتی سەرفترە واجبەی لەسەر نێرینە و مێینە و گەورە و بچووکی زیندوو نەک مردوو .
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر مرۆڤێک بمرێت پێش خۆر ئاوابوونی شەوی جەژن ، واجب نییە زەکاتی سەرفترەی بدەیت ، چونکە مردووە پێش ئەوەی بگات بە ھۆکاری و کاتی واجب بوونی زەکات ))
بەلام ئەگەر بمرێت دوای خۆر ئاوابوونی شەوی جەژن واجبە زەکاتی سەرفترەی بۆی بدەن .
ھەروەھا زانایان دەلێن ھەر کەسێک موسلمان بێت ڕۆژێک پێش جەژن واجبە زەکاتی سەرفترە بدات ، وە ھەر کەسێک بەڕۆژوو نەبێت زۆربەی زانایان دەلێن واجبە زەکاتی سەرفترە بدات ، کە ئەمە وتەی ھەر چوار مەزھەبەکانە ، بەلگە :
(١) عن ابْنِ عُمَرَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا قَالَ : (( فَرَضَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ زَكَاةَ الْفِطْرِ، صَاعًا مِنْ تَمْرٍ ، أَوْ صَاعًا مِنْ شَعِيرٍ عَلَى الْعَبْدِ وَالْحُرِّ ، وَالذَّكَرِ وَالأُنْثَى ، وَالصَّغِيرِ وَالْكَبِيرِ مِنْ الْمُسْلِمِينَ ، وَأَمَرَ بِهَا أَنْ تُؤَدَّى قَبْلَ خُرُوجِ النَّاسِ إِلَى الصَّلاةِ )) رواه البخاري (1503) ومسلم (984) .
واتە : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت زەکاتی سەرفترەی واجب کردووەو دیار کردووە مەنێک لە خورما یان مەنێک جۆ و لەسەر بەندە و ئازاد و نێر و مێ و بچووک و گەورە لە موسلمانان ، وە فەرمانی کردووە بدرێت پێش دەرچوونی خەلک بۆ نوێژ .
زانایان دەلێن (صغير ) لەم فەرموودەیە ئەو مناڵەش دەگرێتەوە کە بە ڕۆژوو نەبووە .
(٢) لە دین دا بابەتی زەکات و خێر بە زۆری تێڕوانینە بۆ سوودی ھەژارەکان .
ڕاستە فەرموودەی ابن عباس ھاتووە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە زەکاتی سەرفترە پاککەرەوەیە بۆ ڕۆژووگر .
عن ابْنِ عَبَّاسٍ رضي الله عنهما : ( فَرَضَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ زَكَاةَ الْفِطْرِ ، طُهْرَةً لِلصَّائِمِ مِنْ اللَّغْوِ وَالرَّفَثِ ، وَطُعْمَةً لِلْمَسَاكِينِ ) رواه أبو داود (1609) .
واتە : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت زەکاتی سەرفترەی واجب کردووە ، پاککەرەوەیە بۆ ڕۆژوو گر لە لغوە و قسەی بێ سوود ، وە خواردنیشە بۆ ھەژارەکان .
سعید ابن المسیب و حسن البصری ئەم فەرموودەیە دەکەنە بەلگە کە زەکاتی سەرفترە تەنھا لەسەر ڕۆژووگر واجبە ، بەلام زۆربەی زانایان دەلێن ئەگەر ڕۆژووش نەگرێت لەسەری واجبە ، دەلێن زەکاتی سەرفترە بەزۆری بۆ ئەوە دانراوە کە پاککەرەوە بێت بۆ ڕۆژووگر لە کەم کورتی بەلام ئەم پاککەرەوەیە مەرج نییە بۆ واجب بوونی زەکات ، وەک کەسێک تاوانی نەکردووە کەچی واجبە زەکاتی سەرفترە بدات ، وە زەکاتی ماڵ پاککەرەوەیە بۆ نەفسیش نەک تەنھا بۆ تاوان .
خوای گەورە دەفەرمووێت : (( خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا وَصَلِّ عَلَيْهِمْ إِنَّ صَلاتَكَ سَكَنٌ لَهُمْ وَاللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ ) التوبة/103.
زۆربەی زانایان دەلێن زەکات لە ماڵی مناڵی یەتیم دەدرێت کەچی مناڵ پێویستی بە پاک بوونەوە نییە ، چونکە تاوان لەسەری نانووسرێت .
ابن حجر عسقلانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( باسی پاککەرەوەی کردووە وەک زۆری ، ھەروەک چۆن زەکاتی سەرفترە واجبە لەسەر کەسێک ئەگەر تاوانیش نەکات و خۆی بپارێزێت لە تاوان ، یان کەسێک موسلمان دەبێت بە ماوەیەک پێش خۆر ئاوابوون . )) فتح الباری ج٣ لاپەڕە ٣٦٩
ابن جبرین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( دانی زەکات بۆ مناڵ و ئەوانەی تەکلیفیان لەسەر نییە ، ئەوانەی بەڕۆژوو نابن لەبەر نەخۆشی یان سەفەر دەکەونە ژێر فەرموودە ، دەبێتە پاککەرەوە بۆ وەلی ئەوانەی تەکلیفیان لەسەر نییە ، وە پاککەرەوە بۆ ئەوانەوانەی ڕۆژوو دەشکێنن کە عوزریان ھەیە ، لەسەر ئەوەی کە لە داھاتوو بە ڕۆژوو دەبێت ئەگەر عوزری لاچوو ، دەبێتە پاککەرەوە بۆی پێشەکی پێش بە ڕۆژوو بوون یان تەواو کردنی ڕۆژوو . )) "فتاوى الزكاة" (زكاة الفطر/2) .
پوخــــتـــەی وەلامـــــی زانــــــایـــــــان :
(١) ئەگەر کەسێک بمرێت پێش خۆر ئاوابوونی شەوی جەژن واجب نییە زەکاتی سەرفترەی بۆی بدەیت .
(٢) ئەگەر کەسێک بمرێت دوای خۆر ئاوابوونی شەوی جەژن واجبە زەکاتی سەرفترەی بۆی بدەیت .
(٣) ئەگەر کەسێک موسلمان بوو پێش خۆر ئاوابوون واجبە زەکاتی سەرفترە بدات .
(٤) ئەگەر کەسێک بەڕۆژوو نەبێت لە مانگی ڕەمەزان زۆربەی زانایان و ھەر چوار مەزھەبەکان دەلێن واجبە زەکاتی سەرفترە بدات .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ