پرسیار: حوکمی تیمارکردنی برینی سەگ و دەرمان پێدانی و پشکنینی پزیشکی بۆ کردن؟
وەڵام: سەگ دوو جۆرە:
یەکەم: سەگێک هەیە شەرع فەرمانی کردووە بە کوشتنی، ئەم فەرمانە بۆ واجب بوون نییە بەڵکو بۆ سوننەتە، ئەویش سەگی دڕندەیە یان سەگی ڕەش دوو خاڵی ڕەنگی سپی لە سەر هەردوو چاویەتی، ئەمەیان تیمارکردن و دەرمان پێدانی بۆ ئەوی بژیت باش نییە، چونکە ئەم کردەوەیە پێچەوانەی مەبەستی شەریعەتە کە سوننەتە ئەم جۆرە سەگانە بکوژرێن، بۆیە ئەگەر بریندار بوو باشتر وایە بکوژرێت بۆ ئەوەی بە عەزاب نەمرێت.
دووەم: سەگێک هەیە شەرع فەرمانی نەکردووە بە کوشتنی، ئەویش هەموو سەگی تر دەگرێتەوە جگە لە سەگی دڕەندە و ڕەش، ئەمەشیان دوو حاڵەتە:
١ـ هەیە شەرع ڕێگەی داوە بە ڕاگرتنی، وەک سەگی شوانی و ڕاو و پاسەوانی، ئەمەیان لە کردەوە باشەکانە ئەگەر برینی تیمار بکەی یان چارەسەری بکەی، چونکە ڕزگارکردنی ئاژەڵە لە مردن.
٢ـ هەیە شەرع ڕێگەی نەداوە بۆ ڕاگرتن، وەک ڕاگرتنی سەگ بۆ خۆشی و جوانی، ئەم ڕاگرتنە ئەگەرچی حەڕامە و لە تاوانە گەورەکانە بەڵام لە کردەوە باشەکانە ئەگەر برینی تیمار بکەی یان چارەسەری بکەی، چونکە ڕزگارکردنی ئاژەڵە لە مردن، لەم حاڵەتە ئەسڵ وایە ناپرسیت خەڵک سەگی بۆچی بەخێو کردووە و ڕاگرتووە، ئەگەر بشزانیت چەند بۆت دەکرێت ئامۆژگاری بکە.