پرسیار // ئایا دروستە پیاو زەکاتی خۆی بداتە خێزانی خۆی ؟
وەلام // جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە زەکات دانی پیاو بە خێزانی خۆی دوو وتە هەیە :
یەکەم // هەندێک زانا دەلێن دروستە نییە پیاو زەکات بدات بە خێزانی خۆی ، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە وتەی ابو حنیفە ، و مالک ، و حنابلە ، شافعی ، چەند زانای ترە ، بەلکو ابن منذر ئیجماع نقل دەکات ، بەلگە :
(۱) ئافرەت دەولەمەندە بەو بەشەی کە پیاوی پێی دەدات کە لەسەر پیاو واجبە مەسرەفی خێزانی بکات ، کەواتە ئەگەر دەولەمەند بێت نابێت زەکاتی پێ بدەیت ، هەروەها ئەگەر زەکاتی پێی بدەیت ئافرەت دەولەمەند دەبێت لە مەسرەفی پیاو ، کەواتە زەکات دان بە خێزانی خۆی شوێنی مەسرەفی گرتەوە هەروەک ئەوە وایە پیاو ئەو مالەی بۆ خۆی خەرج کردبێت .
دووەم // هەندێک زانا دەلێن دروستە پیاو زەکات بدات بە خێزانی خۆی ، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی شافعی ، و احمد ، بەلگە :
(۱) پیاو کاتێک زەکات دەدات بە خێزانی خۆی لە جیاتی مەسرەفی ئافرەت نییە ، چونکە مەسرەفی ئافرەت کردن شتێکی تری جیاوازە کە واجبە لەسەر پیاو ، هەروەک ئەوە وایە کەسێک کرێکارێکی هەژار دەگرێت پاداشتی کرێی پێ دەدات و وە زەکاتیشی پێ دەدات .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئایا دروستە پیاو زەکاتی خۆی بدات بە خێزانی خۆی ؟
وەلام / دروستە بەلام بە مەرجێک مەسرەفی واجب لەسەر پیاو لانەچێت ، نموونە : ئەگەر خێزانەکەی قەرزار بێت قەرزی خێزانی خۆی بداتەوە لە زەکاتی خۆی هیچی تێدا نییە و دروستە ، بەلام ئەگەر زەکات بە خێزانی خۆی بدات بۆ پێداویستی خێزانی خۆی دەوترێت : دروستە نییە و بە زەکات ناڕوات ، چونکە واجبە لەسەر تۆ مەسرەفی خێزانی خۆت بکەیت ، ئەگەر زەکاتی خۆتی پێ بدەیت هەروەک ئەوە وایە زەکاتت نەدابێت ، چونکە تۆ مەسرەفی خێزانی خۆتت کرد ، وە مەسرەفی ئافرەت کردن واجبە لەسەر تۆ پێش زەکات .)) شرح بلوغ المرام ج٦ لاپەڕە ۲٥٨ ــ ۲٥۹
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر زەکات بە خێزانی خۆت بدەیت بۆ کڕینی جل و بەرگ و کەل و پەل ئەمەیان دروست نییە .
ئەگەر بە خێزانی خۆت بدەیت بۆ ئەوەی قەرزی خۆی پێ بداتەوە ئەمەیان دروستە ، چونکە قەرزی خێزانی خۆی لەسەر خۆی واجب نییە . )) شرح الممتع ج٦ لاپەڕە ۲٦۳
بەلام ئەگەر یەکێک تووشی قەرز ببێت بە حەڕام زانایان دەلێن دروست نییە زەکاتی پێ بدەیت ئەگەر تەوبەی نەکردبێت .
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( بەلام ئەگەر قەرزار بێت لە تاوان ، نموونە : عەرەق دەکڕێت یان پارە خەرج دەکات لە زینا و قومار و گۆرانی و شتی تری وەک ئەمانە ، نابێت هیچ زەکاتی پێ بدرێت پێش تەوبە کردن ، چونکە یارمەتی دانیەتی لەسەر تاوان .
ئەگەر تەوبە بکات قاضي دەلێت : زەکاتی پێ دەدرێت ، ..... )) المغنی ج٦ لاپەڕە ٤٨۰
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( کەسێک قەرزار ببێت ڵە حەڕام ئایا زەکاتی پێ دەدەین ؟
وەلام / ئەگەر تەوبە بکات زەکاتی پێی دەدەین ، ئەگەر تەوبە نەکات زەکاتی پێی نادەین ، چونکە یارمەتی دانیەتی لەسەر حەڕام ، ئەگەر پێی بدەین جارێکی تریش قەرز دەکات . )) شرح الممتع ج٦ لاپەڕە ۲۳٥
پوختەی وەلامی زانایان :
(۱) دروست نییە پیاو زەکات بدات بە خێزانی خۆی بۆ کڕینی جل و بەڕگ و خواردن و پیداویستی خۆی ، چونکە مەسرەفی ئافرەت کردن واجبە لەسەر پیاوی .
(۲) دروستە پیاو زەکاتی خۆی بدات بە خێزانی خۆی ئەگەر قەرزار بێت ، چونکە قەرزی خێزانی واجب نییە لەسەری .
(۳) دروست نییە پیاو زەکات بدات بە خێزانی خۆی لەسەر تاوان قەرزار بووە و تەوبەشی نەکردووە ، چونکە یارمەتی دانیەتی لەسەر تاوان وە جارێکی تریش دەست دەکاتەوە بە قەرز کردن .
(٤) دروستە پیاو زەکات بدات بە خێزانی خۆی لەسەر تاوان قەرزار بووە بەلام تەوبەی کردووە .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ