سەردێری پرسیار:ئایا دروستە لە زەکاتی شت خستنەڕوو بۆ بازرگانی (عروض التجارة) پارە نەدرێت بەڵکو خودی شتەکە بدرێت لەبڕی نرخەکەی یان لەبڕی پارە؟

بەرواری دانان :2023-03-08 کۆدی پرسیار:2732

پرسیار:

پرسیار: ئایا دروستە لە زەکاتی شت خستنەڕوو بۆ بازرگانی (عروض التجارة) پارە نەدرێت بەڵکو خودی شتەکە بدرێت لەبڕی نرخەکەی یان لەبڕی پارە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە زەکاتی ئەو شتەی بۆ بازرگانی دەخرێتەڕوو خودی شتەکە بدرێت لە بڕی پارە، دوو وتە هەیە:

یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون دەبێت نرخی ئەو شتەی بۆ بازرگانی خراوەتەڕوو بدرێت، واتە دەبێت پارە بدرێت، نابێت خودی شتەکە بدرێت لەبڕی پارە، کە ئەمە وتەی مالکی و شافعی و حەنابلەیە، چونکە:

١ـ نصابی زەکاتی شت خستنەڕوو بۆ بازرگانی بە نرخە، دەبێت زەکاتەکەشی بە نرخ بێت، هەروەک چۆن مانگا نصابەکەی مانگایە و زەکاتیش دەبێت بە مانگا بدرێت، مال و سامانی تریش بەهەمان شێوەیە. (المغني) لابن قدامة (3/59)، (الموسوعة الفقهية الكويتية) (23/277).

٢ـ نرخەکە پەیوەستە بەم زەکاتە، نابێت خودی شتەکە بدرێت وەک زەکات. (مغني المحتاج) للشربيني (1/399).

٣ـ نرخ زۆربەی جار خۆشەویستترە لای ئەوانەی زەکاتیان پێ دەشێت، هەندێک جار هەژار پێویستی بە کەل و پەلەکە نییە، بۆیە دەفرۆشێت بە نرخێکی کەم و هەرزان، یان هەندێک جار ناکرێت خودی شتەکە بەش بەشی بکەیت بدەیت بە هەژار، یان هەندێک جار ناکرێت بدەیت بە زیاتر بە یەک هەژار، بەرژەوەندی داوای ئەوە دەکات نرخی شتەکە بدرێت کە ئەمە باشترە و ئاسانترە. (الشرح الممتع) لابن عُثيمين (6/141)، (قضايا الزَّكاة المعاصرة - الندوة الأولى) لاپەڕە (466).

دووەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون دروستە خودی ئەو شتەی بۆ بازرگانی خراوەتەڕوو بدرێت وەک زەکات لەبڕی نرخەکەی ئەگەر پێویست بوو یان بەرژەوەندی تێدابوو، کە ئەمە وتەی حەنابلە و ابن تیمیەیە، چونکە:

١ـ ئەسڵ لە زەکاتی شت خستنەڕوو بۆ بازرگانی ئەوەیە پارە بدرێت (واتە: نرخەکەی)، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندی تێدابوو بۆ هەژار، یان لەسەر خاوەنی مال گران بوو نرخی شتەکە بدات، لەم حاڵەتە دروستە خودی شتەکە بدات. (مجموع الفتاوى) (25/80)، (أحكام وفتاوى الزَّكاة والصدقات والنذور والكفارات) لاپەڕە (37).

وتەی ڕاست وتەی دووەمە، واللە ٲعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام