سەردێری پرسیار: کەسێک قەرزارمە دروستە زەکات بەبەر قەرز بخەم و پێی بڵێم تۆ هیچ قەرزارم نی بە بەر زەکاتم خستووە؟

بەرواری دانان :2023-03-10 کۆدی پرسیار:2737

پرسیار:

پرسیار: کەسێک قەرزارمە دروستە زەکات بەبەر قەرز بخەم و پێی بڵێم تۆ هیچ قەرزارم نی بە بەر زەکاتم خستووە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن ئەگەر کەسێک قەرزی لەلای هەژارێک بێت نابێت قەرزەکەی خۆی لە زەکاتی بگێڕێتەوە، ئەگەر وا بکات زەکات لەسەری لانەچووە، کە هەر چوار مەزهەبەکان یەک دەنگن لەسەر ئەمە، هەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن، چونکە: ١ـ زەکات پێدان و وەرگرتنە، دەبێت پێی بدەیت و هەژارەکەش وەربگرێت و ببێتە خاوەنی، زەکات بەبەر قەرز خستن پێدان و وەرگرتنی تێدانییە، هەروەک خوای گەورە دەفەرمووێت: (خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً) [التوبة: 103]. (المبسوط) للشيباني (2/112)، (المجموع) للنووي (6/210). ٢ـ زەکات بەبەر قەرز خستن وەک شتی بێ کەڵک بەخشینە بەناوی بەخشین و شتی باش، هەروەک خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَلَا تَيَمَّمُواْ الْخَبِيثَ مِنْهُ تُنفِقُونَ) [البقرة: 267]. (الشرح الممتع) لابن عُثيمين (6/237). ٣ـ سوننەتی پێغەمبەری خوا پێچەوانەی ئەم کردەوەیەیە، مال لە دەولەمەند وەردەگیرێت و دەدرێت بە هەژار، هەروەها سوننەتی خەلیفەکانیش بەم شێوەیە بووە. (الأموال) لأبي عبيد القاسم بن سلَّام لاپەرە (534). ٤ـ لەوانەیە کەسەکە ئەمین نەبێت لەوە کە تەنها مەبەستی پاراستنی مالی خۆی هەبێت و لەو قەرزە بێ ئومێد بووبێت، ئەمە دەکات تەنها لەپێناو مالی خۆی، خوای گەورەش شتێک قبول ناکات مەگەر بە پاکی بۆ خوا بێت. (الأموال) لأبي عبيد القاسم بن سلام لاپەڕە (534). ٥ـ واجبە خاوەنی قەرز چاوەڕێی قەرزار بکات و پەلەی لێ نەکات تا خوای گەورە بۆی ئاسان دەکات. ابن تیمیە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (قەرز بەبەر زەکات خستن بە زەکات ناشێت و دروست نییە بێ ئەوەی جیاوازی هەبێت). (مجموع الفتاوى) (25/84)، (الاختيارات الفقهية) لاپەڕە (457).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام