پرسیار: کەسێک قەرزارمە، دروستە زەکاتی پێ بدەم بەو مەرجەی قەرزەکەم بداتەوە؟
وەڵام: زانایان دەڵێن زەکات دان بە کەسی قەرزار بەو مەرجەی بۆی بگەڕێنێتەوە و قەرزەکەی بداتەوە دروست نییە، زەکات لەسەری ماوە و لانەچووە، کە ئەمە وتەی شافعی و حەنابلە و ابن تیمیە و ابن قیمە، بەڵگە:
١ـ زەکات مافی خوای گەورەیە، دروست نییە بۆ قازانجی خۆی سەرف بکات. (المغني) لابن قدامة (2/487).
٢ـ فەرمان پێی کراوە بە زەکات دان، ئەمەیان زەکات بەبەر قەرز کوشتنە (إسقاط)ە. (المغني) لابن قدامة (2/487).
٣ـ ئەمە فێل کردنە لە زەکات. (إعلام الموقعين عن رب العالمين) لابن القيم (3/346).
ابن تیمیە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر قەرزی بەسەر کەسێکەوە هەبێت و کەسەکە شایستەی زەکات بێت، زەکاتی پێ بدات و مەرجیش دابنێت کە دەبێت قەرزەکەی بۆی بگەڕێنێتەوە، ئەمەیان دروست نییە، هەروەها ئەگەر مەرجیش دانەنێت بەڵام مەبەستی ئەوەی هەبێت زەکات دەدات لەبەر ئەوە تا قەرزی بۆ بگەڕێنێتەوە). (الاختيارات الفقهية) لاپەڕە (457).