سەردێری پرسیار:دەکرێت بە پوختی باسی ئەوە بکەن دروستە زەکات بدەم بە کەسێک قەرزارمە یان زەکات بەبەر قەرز بخەم؟

بەرواری دانان :2023-03-10 کۆدی پرسیار:2740

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت بە پوختی باسی ئەوە بکەن دروستە زەکات بدەم بە کەسێک قەرزارمە یان زەکات بەبەر قەرز بخەم؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن زەکات دان بە قەرزار یان بەبەر قەرز خستن ئەم چوار حاڵەتانەن:

یەکەم: کەسێک قەرزی لەلای هەژارێک بێت نابێت قەرزەکەی خۆی لە زەکاتی بگێڕێتەوە، ئەگەر وا بکات زەکات لەسەری لانەچووە، کە هەر چوار مەزهەبەکان یەک دەنگن لەسەر ئەمە، هەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن.

دووەم: زەکات دان بە کەسی قەرزار بەو مەرجەی بۆی بگەڕێنێتەوە و قەرزەکەی بداتەوە دروست نییە، زەکات لەسەری ماوە و لانەچووە، کە ئەمە وتەی شافعی و حەنابلە و ابن تیمیە و ابن قیمە.

سێیەم: هەروەها ئەگەر مەرجیش دانەنێت بەڵام مەبەستی ئەوەی هەبێت زەکات دەدات لەبەر ئەوە تا قەرزی بۆ بگەڕێنێتەوە.

چوارەم: دروستە زەکات بدەیت بە کەسێک قەرزاری تۆیە، دواتر خۆی قەرزەکەت بداتەوە بێ ئەوە مەرج دابنێیت، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی حەنەفی و شافعی و حەنابلە و وتەیەکە لە وتەکانی مالک.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام