پرسیار: زەکات دەدرێت بە کامە قەرزار؟ (الغارمین) یعنی چی؟
وەڵام: (الغارم): واتە: قەرزار، ئەسڵی وشەی (الغرم) مانای لەگەڵ بوون و لێ جیانەبوونەوە هەڵدەگرێت، وەک ئەوە وایە خاوەنی قەرز بەردەوام لەگەڵی بێت و داوای قەرزی خۆی بکات و تەنگاوی کردبێت، بۆیە زانایان دەڵێن قەرزارێک خاوەنی قەرز بەردەوام داوای لێ بکات و تەنگاوی کردبێت، وە قەرزەکە پێویست بێت زۆر، ئەمەیان لەپێشترە لە قەرزارەکانی تر، ئەو کەسەی قەرزار بووە دەڵێین ئەم دوو حاڵەتەیە:
حالەتی یەکەم: کەسێک قەرزار بووە بە حەڕام، دەڵێن ھەر کەسێک قەرزار بێت بە حەڕام دوو ئەگەری هەیە:
یەکەم: ئەگەر تەوبەی کردبێت و پەشیمان بوبێتەوە، ئەوە دروستە زەکاتی پێ بدەیت.
دووەم: ئەگەر تەوبەی نەکردبێت و پەشیمان نەبووبێتەوە، ئەوە نابێت زەکاتی پێ بدەیت، چونکە ئەمە یارمەتی دانە لەسەر حەڕام، وە ئەگەر پێی بدەیت جارێکی تر قەرز دەکاتەوە بۆ حەڕام.
حالەتی دووەم: کەسێک قەرزار بووە بە شتێکی ڕێگەپێدراو یان حەڵاڵ، لەم حاڵەتە دوو ئەگەری هەیە:
یەکەم: یان قەرزار بووە بۆ سولح کردن لەنێوان دوو دەستە بۆ ئەوەی فیتنە دروست نەبێت، ئەمەیان زەکاتی پێ دەشێت ئەگەر دەوڵەمەندیش بێت.
دووەم: یان قەرزار بووە بۆ چاک کردنی ماڵ و حاڵی خۆی، وەک ئەوەی قەرز دەکات بۆ مەسروفاتی ماڵەوە و پێداویستی یەکان، ئەمەشیان زەکاتی پێ دەشێت.
خەڵکانێک وا تێگەیشتوون هەر کەسێک قەرزار بێت تەواو زەکاتی پێ دەشێت، بۆیە چەندین کەس دەبینیت مووچەیەکی باشی هەیە و خانوویەکی باشی هەیە و ئوتومبێلیشی هەیە، بەڵام هەندێک پارەی قەرز کردووە بۆ معاملە، دەڵێن با زەکاتی پێ بدەین، موسڵمان دەبێت ئاگادار بێت ڕاستە زەکات دان گرینگە بەڵام لەوە گرینگتر ئەوەیە زەکاتت دەدەیت بەكێ، چونکە ئەگەر زەکات بدەیت بە کەسێک شایستە نەبێت ئەوە بە زەکات نەچووە و قبول نەبووە، هەروەها دەبێت موسڵمان ئاگادار بێت خزمایەتی بە زەکات نەکات، ڕاستە زەکات دان بە خزم و نزیک هەم خێرە و هەم گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتی یە، بەڵام نابێت هەژار و کەسانی زۆر پێویست پشت گوێ بخرێن و زەکات بدەیتە کەسێک وەزعی باش بێت، چونکە بە زەکات ناچێت و دەبێت جارێکی تر زەکات بداتەوە.