پرسیار // ئایا دروستە زەکات بدەم بە باوکم قەرزارە ؟
وەلام // زانایان دەلێن ئەسل وایە نابێت زەکات بدەیت بە دایک و باوک و باپیر و داپیر بەرەو سەرەوە ، وە نابێت بدەیت بە منالەکان و وە منالی منالەکانت بەرەو خوارەوە ، چونکە مەسرەف کردنیان واجبە لەسەر تۆ ئەگەر زەکاتی پێ بدەیت ئەوا زەکات شوێنی مەسرەف کردنی گرتەوە .
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( نابێت زەکاتی واجب بدەیت بە دایک و باوک بەرەو سەرەوە وە نابێت بدەیت بە منالەکان بەرەو خوارەوە ، ابن منذر دەفەرمووێت : ھەموو زانایان یەک دەنگن نابێت زەکات بدەیت بە دایک و باوک لەو حالەتەی کە لەسەری واجبە مەسرەفیان بکات ، چونکە ئەگەر زەکاتیان پێ بدات پێویستیان بە مەسرەف نابێت و مەسرەف لەسەر لادەچێت و سوودی بۆ خۆی دەگەڕێتەوە ھەروەک ئەوە وایە بۆ خۆی سەرف کردبێت ..... )) المغنی ج٢ لاپەڕە ٢٦٩
ئیمام شافعی ڕەحمەتی خوای لی بێت دەفەرمووێت : (( نابێت زەکاتی مالی خۆت بدەیت بە باوک و دایک و باپیر و داپیر .... )) الام ج٢ لاپەڕە ٨٧
زانایان دەلێن دانەوەی قەرزی باوک واجب نییە لەسەر منالی ئەو کات دەتوانێت زەکاتی پێ بدات .
لە الموسوعە الفقھیە باس کراوە دەلێت : (( مالکی و شافعی و ابن تیمییە لە حنابلە دەلێن زەکات دان نابێت ئەگەر دایک و باوک و منال فقیر و مسکین بن ، بەلام ئەگەر ئەگەر زەکات بدەیت بە باوکت یان کوڕت لەو کەسانە بن کە زەکات کۆدەکەنەوە یان یان بەندەن دەیانەوی خۆیان ڕزگار بکەن یان قەرزارن یان جیھاد دەکەن ھیچی تێدا نییە و دروستە زەکاتیان پێ بدەیت )) "الموسوعة الفقهية" (23/177)
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( زەکات دان بە خزمە نزیکەکان کە زەکاتیان پێ دەشێت باشترە لەوەی بدەیت بە کەسێکی تر کە لێت نزیک نییە و خزم نییە ، چونکە خیر کردن لەگەڵ نزیک ھەم خێرەو و ھەم گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتییە ، ئەگەر ئەو خزمە نزیکانە واجب بێت لەسەرت مەسرەفیان بکەیت و زەکاتیان پێ بدەیت ، ئەم زەکات پێ دانە دروست نییە ، ..... )) "مجموع الفتاوى" (14/311) .
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( زەکات دان بە أصل و فرع ، واتە : دایک و باوک بەرەو سەرەوە وە کوڕ و کچ بەرەو خوارەوە ئەگەر بۆ لاچوونی واجبێک بێت لەسەری دروست نییە ، ھەروەک زەکات پێ دان بۆ ئەوەی مەسرەف کردنیان لەسەری لا بچێت ئەگەر بەو زەکاتە پێویستیان بە مەسرەف نەبوو ، بەلام ئەگەر بۆ لاچوونی واجب نەبوو دروستە ، وەک ئەوەی قەرزی باوکی زیندووی خۆی بداتەوە ، ....... )) "مجموع الفتاوى" (18/415) .
پوختەی وەلامی زانایان :
(١) ھەموو زانایان یەک دەنگن نابێت زەکات بدەیت بە دایک و باوک ، چونکە مەسرەف کردنیان واجبە لەسەر تۆ ، ئەگەر زەکاتی پێ بدەیت پێویستیان بە مەسرەف کردن نابێت یان ئەو بڕە زەکاتە جێگای مەسرەف کردن دەگرێتەوە ھەروەک ئەوە وایە بۆ خۆت سەرف کردبێت .
(٢) باوک و کوڕ ئەگەر لە فقیر و مسکین نەبن لە جۆری تری ئەو کەسانە بن کە زەکاتیان پێ دەشێت دەلێن دروستە زەکاتی پێ بدەیت ، وەک ئەوەی قەرزار بن یان لەسەر کۆکردنەوەی زەکات کار بکەن یان بەندە بن خۆیان ڕزگار بکەن یان جیھاد بکەن .
(٣) دروستە زەکات بدەیت بە دایک و باوکت ئەگەر قەرزار بن ، چونکە قەرز دانەوەی دایک و باوک واجب نییە لەسەر کوڕی .
(٤) زەکات دان بە خزمی نزیک کە زەکاتی پێ دەشێت باشترە لەوەی بدەیت بە کەسێکی تر نزیک نییە ، چونکە زەکات پێدان ھەم خێرە و ھەم گەیاندنی پەیوەندی خزمایەتییە .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ