پرسیار: بۆچی کڕین و فرۆشتنی (العينة) حەڕامە؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە پێناسەی (بيع العينة) دەڵێن: (شتێک دەفرۆشیت بە قەرز ، پاشان لە ھەمان کەس دەکڕیتەوە بە نرخێکی کەمتر بەڵام بە نەقدی)، لەبەر ئەوە پێی دەڵێن (العينة)، چونکە خودی مالەکە بۆ فرۆشیار دەگەڕێتەوە.
زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون (بيع العينة) حەڕامە، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و حەنابلە و ابن تیمییە و ابن قیم و ابن عثیمینە، چونکە:
١ـ فەرموودەی ڕوون و ئاشکرا و ئەثەر نەقل کراون بۆ حەرامی (بيع العينة).
٢ـ سەردەکێشێت بۆ ڕیبا، داخستنی دەرگای تووش بوون بە حەڕام لە شەرع داوا کراوە، بە بەڵگەی بێ بەش بوونی بکوژ لە میرات ئەگەر خاوەنی مال بکوژێت. (المبدع) لبرهان الدين ابن مُفلح (3/387).
٣ـ ئەمەیان فێل کردنە، خوای گەورەش نەوەی ئیسرائیلی سزاداوە لەبەر فێل کردن لەو شتەی نەهی لێیان کرابوو. (المبدع) لبرهان الدين ابن مُفلح (3/387).
٤ـ خوای گەورە ڕیبای حەرام کردووە، کڕین و فرۆشتنی (العينة)ش هۆکارە بۆ ڕیبا، هۆکاری تووش بوون بە حەرام حەرامە. (عون المعبود وحاشية ابن القيم) (9/241).