پرسیار: لەم ئایەتە: (قَالَ الَّذِي عِنْدَهُ عِلْمٌ مِنَ الْكِتَابِ أَنَا آَتِيكَ بِهِ قَبْلَ أَنْ يَرْتَدَّ إِلَيْكَ طَرْفُكَ) [النمل: ٤٠]، ئەوەی زانستی لەلابووە کێیە؟ چۆن عەرشی بۆ دێنێت دەکات پێش چاو تروکاندنێک؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئەم کەسە کێ بووە ئەوەی زانستی لەلا بووە:
یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون پیاوێکی باشی نەوەی ئیسرائیل بووە و ناوی (آصف بن برخيا) بوو، ناوە گەورەکانی خوای گەورەی دەزانی هەر دوعایەکی پێ کردبا قبول دەبوو. (تفسير ابن عطية) (4/261)، (تفسير السعدي) (605)، (تفسير ابن جرير) (18/69، 70).
دووەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون فریشتە بووە، ڕاڤەکارانی قورئان لە ابن عباس و کەسانی تر نەقلیان کردووە، فریشتە خێراترە لە جنۆکە و عەرش دێنێت پێش عفریت. (النبوات) لابن تیمیە (2/1066)، (تفسير ابن الجوزي) (3/363).
ئەبو حیان دوای ئەوەی جیاوازی نێوان زانایان باس دەکات دەفەرمووێت: (خوای گەورە ناوەکەی باس نەکردووە و شاراوەیە، نابێت ئێمە ناوی بێنین و دیاری بکەین تا پێغەمبەرێک هەواڵێک بە ئێمە دەدات).(تفسير أبي حيان) (8/240).
کەواتە هیچ بەڵگەی ڕاست نەهاتوون ئەو کەسەی دیار کردبێت مرۆڤە یان فریشتەیە یان جنۆکەیە.
سەبارەت بە هێنانی عەرش بەقەد چاو تروکاندنێک دەڵێین:
ـ ئەگەر کەسەکە فریشتە بێت، ئەوە هیچ کێشە دروست نابێت، چونکە توانای فریشتە لە جنۆکە (عفریت) زیاترە.
ـ ئەگەر کەسەکە مرۆڤ بێت و پیاوێکی باش بێت و داوای لەخوا کردبێت، ئەوە خوای گەورە دوعای قبول کردووە یەکسەر وەک کەڕامەت بۆی.