پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر ئەم فەرموودەیە: (ذهَبَ الظَّمَأُ، وابتلَّتِ العروقُ، وثَبَتَ الأجرُ إن شاءَ اللهُ)؟
وەڵام: عن ابنِ عُمَرَ رَضِيَ اللهُ عنهما، قال: كان رسولُ اللهِ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم إذا أفطَرَ قال: (ذهَبَ الظَّمأُ وابتلَّتِ العُروقُ وثَبَتَ الأجرُ إن شاءَ اللهُ). رواه أبو داود (2357)، والنسائي في (السنن الكبرى) (2/255)، والدارقطني في (السنن) (2279)، والحاكم (1/584)، قال الحاكم في (المستدرك).
واتە: لە ابن عمر دەگڕێنەوە خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم کاتێک ڕۆژووی دەشکاند دەیفەرموو: (تێنوویەتی ڕۆیشت، دەمارەکان تێر ئاو بوون و پاداشتیش بەدەست هێندرا ئەگەر خوا ویستی لەسەر بێت).
ڕاڤەی وشەکانی فەرموودەکە:
(إذا أفطَرَ): واتە: کاتێک ڕۆژووی دەشکاند و ئاوی دەخواردەوە ئەم دوعایەی دەخوێند، چونکە باسی ڕۆیشتنی تێنویەتی کردووە.
(وابتلَّتِ العُروقُ): واتە: دەمارەکانی لاشە تێر ئاو بوون.
(ثبت الأجر): واتە: ماندبوون ڕۆیشت و پاداشت بەدەست هێنرا.
سوودەکانی فەرموودەکە:
١ـ ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە سوننەتە ئەم دوعایە بخوێندرێت دوای ڕۆژوو شکاندن نەک واجبە.
٢ـ سوننەتە ئەم دوعایە بخوێندرێت دوای ڕۆژوو شکاندن و ئاو خواردنەوە، بۆ ئەوەی یەک بگرێتەوە لەگەڵ مانای دوعاکە، چونکە ئەگەر تەنها بە خورما بشکێنێت و ئاو نەخواتەوە ئەوە تێنوویەتی ماوە، زۆربەی زانایانیش بۆ ئەوە چوون سوننەتە بە (رطب) ڕۆژوو بشکێنیت، ئەگەر نەبوو خورما، ئەگەر نەبوو ئاو.
٣ـ فەرموودەکە بەڵگەیە تێنوویەتی تووندترە لە برسیەتی بۆ ڕۆژووگر، بەتایبەتی ئەگەر ئەو شارەی لێ نیشتەجێی گەرم بێت، لەبەر ئەوەی لەم فەرموودەیە دڵ خۆش بوون بە نەمانی تێنوویەتی پێش خراوە.
٤ـ فەرموودەکە بەڵگەیە مرۆڤ دەبێت لە عیبادەتدا داوای پاداشت لەخوا بکات و ئومێدی پاداشتی هەبێت، تێنوویەتی دەڕوات و پاداشت بۆی دەمێنێتەوە بە ویستی خوا.
٥ـ لەوانەیە پێغەمبەری خوا ئەم دوعایەی بەدەنگ خوێندبێت یان لەوانەیە لەسەرخۆ خوێندبێت ابن عمر لێی نزیک بووبێت، لەسەر ئەگەری یەکەم دەتوانی هەندێک جار بە دەنگ بخوێنی بۆ ئەوەی نزیکەکانت بیریان بێتەوە و فێر ببن.