پرسیار: کەسێک بەگومانە لەوەی بەڕۆژوو بێت بۆ ڕۆژووی واجب، ئایا ڕۆژووی دروستە؟
وەڵام: زانایان دەڵێن هەر کەسێک بەگومان بێت بۆ نییەتی ڕۆژووی واجب، ئایا سبەی بەڕۆژوو دەبێت یان نە، لەسەر ئەم گومانە بەردەوام بوو تا دوای سبەی، پاشان بەڕۆژوو بێت، ئەوە ڕۆژووی دروست نییە و لەسەریەتی ڕۆژووی ئەو ڕۆژە قەزا بکاتەوە، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی مالکی و شافعی و حەنابلە و وتەیەکە لە وتەکانی حەنەفی، بەڵگە:
١ـ ئەگەر کەسێک بەگومان بێت ئەوە پێچەوانەی مەرجی دروستی ڕۆژووە کە نییەتە، نییەتیش ئەوەیە عەزم و جەزمت هەبێت لەسەر ئەنجام دانی شتێک، گومان نەفی ئەمە دەکات، هەر کاتێک ئەم مەرجەی ڕۆژوو کەم و کوڕی تیاکەوت پوچ دەبێت و واجبە ڕۆژوو قەزا بکاتەوە. (الشرح الممتع) لابن عُثيمين (6/358).
ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر کەسێک دوای نییەت هێنان گوتی: (إن شاء اللهُ)، بە دڵ یان زمان، ئەگەر مەبەستی تەبەڕوک و ئەوە بێت ئەگەر خوای گەورە ژیانی پێدا و هێشتیەوە بۆ بەڕۆژوو بوون (واتە: نەمرد)، ئەوە هیچ زیانی پێ ناگات و ڕۆژووی دروستە، ئەگەر مەبەست پێی گومان بێت ئەوە ڕۆژووی دروست نییە). (المجموع) (6/298).