سەردێری پرسیار:ئایا نییەت بۆ ڕۆژوو یەک جار بەسە بۆ هەموو مانگی ڕەمەزان یان دەبێت هەموو شەوێک نییەت نوێ بکەیتەوە؟

بەرواری دانان :2023-03-22 کۆدی پرسیار:2766

پرسیار:

پرسیار: ئایا نییەت بۆ ڕۆژوو یەک جار بەسە بۆ هەموو مانگی ڕەمەزان یان دەبێت هەموو شەوێک نییەت نوێ بکەیتەوە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئایا ڕۆژووی ڕەمەزان دەبێت بۆ هەموو ڕۆژووێک نیەت بهێنی یان یەکجار بۆ هەموو مانگی ڕەمەزان بەسە، دوو وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون دەبێت بۆ هەموو ڕۆژوویەکی ڕەمەزان نییەت بهێنێت بە جیا، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، وتەی ئەبو حنیفە و شافعی ، وتەی بەناوبانگی ئەحمەدە، بەلگە:

١ـ پێغەمبەری خوا صلَّى اللهُ عليه وسلَّم دەفەرمووێت: (إنَّما الأعمالُ بالنيَّاتِ، وإنَّما لكُلِّ امرئٍ ما نوى). رواه البخاري (١) واللفظ له، ومسلم (١٩٠٧).

ڕووی کردنە بەڵگە: دەبێت نییەت نوێ بکرێتەوە بۆ هەموو ڕۆژێک، چونکە عیبادەتێکی سەربەخۆیە. (نيل الأوطار) للشوكاني (4/233).

٢ـ قیاس دەکەن لەسەر نوێژە واجبەکان کە بۆ هەر یەکەیان نییەتێکی پێویستە، هەموو شەوێک نیەتی سەربەخۆی هەیە، چونکە ڕۆژووی هەر ڕۆژێک عیبادەتە، هەروەها شکاندنی هەندێک ڕۆژوو ڕۆژووەکانی تری ئەو مانگە پوچ ناکاتەوە، ئەمە بەلگەیە کە هەر ڕۆژووێک نیەتی سەربەخۆی پێویستە.

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون یەک جار نیەت هێنان بۆ هەموو مانگ بەسە، ئەگەر ڕۆژووی نەشکاندبێت لەبەر نەخۆشی یان سەفەر، کە ئەمە وتەی مالک و اسحاق و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن عیثمین، بەڵگە:

ـ  مانگی ڕەمەزان یەک کردەوەیە وەک کردەوەکانی تر، وە پێغەمبەر صلَّى اللهُ عليه وسلَّم دەفەرمووێت: (لکل امرئ ما نوی)، لێرە کەسەکە نییەتی یەک مانگ بەڕۆژوو بوونی هەیە، کەواتە بە گوێرەی نییەتە، ئەسڵیش وایە نییەتی بەردەوامە و نەپچڕاوە. ( الشرح الكبير) للدردير (1/521)، ( الشرح الممتع) لابن عُثيمين (6/356).

سوودی جیاوازی نێوان ئەم دوو وتەیە بەوە بەدیار دەکەوێت ئەگەر کەسێک بخەوێت دوای نوێژی عصر لە مانگی ڕەمەزاندا، لە خەو هەڵنەستا هەتا دوای بانگی بەیانی، لەسەر وتەی دووەم ڕۆژووی دروستە، چونکە سەرەتای مانگ نییەتی هێناوە ئەم مانگە بەڕۆژوو بێت، نیەتی سەرەتای مانگ بۆی بەسە وە ئەسل وایە نیەتی ماوە، بەڵام لەسەر وتەی یەکەم ڕۆژووەکەی دروست نییە، چونکە شەو نیەتی نەهێناوە.

وتەی ڕاست وتەی دووەمە دەتوانی یەک نییەت بێنی بۆ هەموو ڕەمەزان، واللە اعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام