پرسیار: هەموو زەویەک بۆ بازرگانی زەکاتی لێ دەکەوێت؟ دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن بە کورتی؟
وەڵام: زانایان سەبارەت زەوی دەڵێن:
١ـ پارچە زەوی ماڵێک نییە زەکاتی لێ بکەوێت، بەڵکو ئەسڵ وایە زەکاتی لێ ناکەوێت مەگەر بۆ بازرگانی بێت.
٢ـ زەوی ئەگەر بۆ خۆی بەکاربهێنی بۆ نیشتەجی بوون، ئەوە هەموو زانایان یەک دەنگن کە زەکات لێی ناکەوێت.
٣ـ پارچە زەویەک کەسێک بەکاربهێنێ بۆ کشتوکاڵ زەکاتی پارچە زەویەکە نادات، بەلکو زەکاتی بەروبوومی زەویەکە دەدات کە کشتوکاڵە.
٤ـ پارچە زەوییەک کەسێک بەکرێ بداتەوە، ئەمەیان زەکاتی پارچە زەویەکە نادات بەڵکو تەنها زەکات لە کرێی پارچە زەوییەکە دەدات.
٥ـ کەسێک پارچە زەوی کڕیوە بۆ بازرگانی، ئەمەیان وتەی ڕاست و وتەی زۆربەی زانایان ئەوەیە کە زەکاتی پارچە زەوییەکە دەدات.
٦ـ پارچە زەویەک دیار نییە نییەتی چی هەیە بۆ ئەم زەویە، نازانی بۆ بازرگانییە یان بۆ نیشتەجێ بوونە، زانایان دەڵێن ئەمەیان زەکاتی پارچە زەوییەکە نادات.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەم پارچە زەوییە ئەسل وایە زەکاتی لێ ناکەوێت مادەم نییەتی بڕاوەی بازرگانی نییەتی، زەکات لێی ناکەوێت چونکە دوو دڵە). مجموعة ابن عثیمین (١٨/٢٣٢).
٧ـ ئەگەر پارچە زەویەک بۆ نیشتەجێ بوون بوو، پاشان نیەتی گۆڕدرا بۆ بازرگانی، ئەمەیان وتەی ڕاست ئەوەیە واجبە زەکاتی لێ بدات.
٨ـ ئەگەر پارچە زەوییەک بۆ بازرگانی بوو، پاشان نییەتی گۆڕدرا بۆ نیشتەجێ بوون، ئەمەیان زەکات واجب نییە ئەگەر پێش ساڵێک تێپەڕ بوون نییەتی گۆڕدرا بۆ نیشتەجێ بوون.
٩ـ ئەگەر پارچە زەوییەک بکڕێت چاوەڕێ بکەیت بۆ ئەوەی نرخی گران بێت، ئەگەر چەند ساڵێکیش چاوەڕێ بکەیت، دەبێت هەر زەکات بدەیت و زەکاتی هەموو ساڵێک.
١٠ـ ئەگەر کەسێک پارچە زەویەک بکڕێت بۆ ئەوەی ببێتە ماڵێکی پارێزراو، واتە بۆ پاراستنی ماڵ، ئەمەیان زەکاتی لێ نادات مەگەر ئەم کارە بکات بۆ ئەوەی زەکات نەدات لەم حاڵەتە زەکاتی لێ وەردەگیرێت.
١١ـ ئەگەر کەسێک پارچە زەوییەک بکڕێت بۆ بازرگانی و وەری نەگرێت تا ساڵێکی بەسەر دا تێپەڕ دەبێت، ئەمەیان واجبە زەکات بدات، چونکە پارچە زەوی بە عەقد کردن دەبێتە مولکی و مولک نەقل دەبێت بۆ کڕیارەکە.
١٢ـ ئەگەر پارچە زەویەک لە ڕەهن دانرا بوو، ئەمەیان زەکاتی دەدات ئەگەر نییەتی بازرگانی هەبوو.
١٣ـ ئەگەر چەند کەسێک پارچە زەویەکیان هەبوو، ئەوە هەموو زەکاتی خۆیان دەدەن بەگوێرەی بەشیان ئەگەر گەیشتبووە حەدی نیساب.
١٤ـ ئەگەر پارچە زەویەک وەقف کرابوو، ئەمەیان زەکات واجب نییە.
١٥ـ زانایان دەلێن هیچ جیاوازی نییە لە نێوان پارچە زەوییەک کە نرخی داببەزێت یان بەرز بێت، واتە زەرەری لێ بکەی یان قازانج، دەبێت زەکاتی لێ بدەیت ئەگەر بفرۆشرێت.
١٦ـ ئەگەر پارچە زەوییەک نرخی داببەزێت و بەڵکو وای لێهاتووە کەس نایکڕێت، ئەمەیان هەندێک زانا دەڵێن کاتێک دەیفرۆشێت زەکاتی یەک ساڵی لێ دەدات.
١٧ـ ئەگەر پارچە زەوییە بکەیت بە خانوو بۆ بازرگانی، بەلام خانووەکە تەواو نەبووە، ئەمەیان زەکاتی لێ دەدات ساڵانە ئەگەر تەواویش نەبووبێت.