پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر ئەم فەرموودەیە: (مَنْ قَامَ بِعَشْرِ آيَاتٍ لَمْ يُكْتَبْ مِنْ الْغَافِلِينَ، وَمَنْ قَامَ بِمِائَةِ آيَةٍ كُتِبَ مِنْ الْقَانِتِينَ، وَمَنْ قَامَ بِأَلْفِ آيَةٍ كُتِبَ مِنْ الْمُقَنْطِرِينَ)؟
وەڵام: عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ عَمْرِو بْنِ الْعَاصِ رضي الله عنهما قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: (مَنْ قَامَ بِعَشْرِ آيَاتٍ لَمْ يُكْتَبْ مِنْ الْغَافِلِينَ، وَمَنْ قَامَ بِمِائَةِ آيَةٍ كُتِبَ مِنْ الْقَانِتِينَ، وَمَنْ قَامَ بِأَلْفِ آيَةٍ كُتِبَ مِنْ الْمُقَنْطِرِينَ). رواە أبي داود (١٣٩٨)، وصححه الألباني في صحيح أبي داود (١٢٦٤).
واتە: لە (عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ عَمْرِو بْنِ الْعَاصِ) دەگێڕنەوە خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (هەر کەسێک هەستێت (١٠) ئایەتی قورئان بخوێنێتەوە نانووسرێت لە بێ ئاگاکان، وە هەر کەسێک هەستێت (١٠٠) ئایەت بخوێنێتەوە ئەوە لەوانە دەنووسرێت کە بەردەوام عیبادەتی خوا دەکات، وە هەر کەسێک (١٠٠٠) ئایەت بخوێنێتەوە ئەوە لەوانە دەنووسرێت کە پاداشتێکی زۆریان پێ دەدرێت).
ڕاڤەی وشەکانی فەرموودەکە و ماناکەی:
(منْ قَامَ بِعَشْرِ آيَاتٍ): دوو ئەگەری هەیە:
یەکەم: لەوانەیە مەبەست پێی خوێندنەوەی قورئان بێت لەناو نوێژ، چونکە ڕیوایەت هاتوون ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە لەناو نوێژ خوێندراوە.
دووەم: لەوانەشە مەبەست پێی خوێندنەوەی قورئان بێت لە دەرەوەی نوێژ پێش نووستن یان دوای لەخەو هەستان.
(ومَن قامَ بألفِ آيةٍ كُتِب مِن المُقَنطَرين): واتە: لەوانە دەبێت کە بەقەد (قِنطار) پاداشتی دەدرێتەوە، پاداشتەکەشی بەگوێرەی خوێندنەوە و خشوعەکەیەتی.
سوودەکانی فەرموودەکە:
١ـ فەرموودەکە بەڵگەیە بۆ فەزلی خوێندنەوەی قورئان لە شەودا، جا پێش نووستن بێت یان دوای لەخەو هەستان یان لەناو نوێژ، گومانی تێدانییە خوێندنەوە لەناو نوێژ خێری زیاترە.
٢ـ فەرموودەکە بەڵگەیە بۆ فەزلی شەو نوێژ و گەورەیی پاداشتی.
٣ـ فەرموودەکە بەڵگەیە قورئان باشترین ئامۆژگاری یە کە مرۆڤ بەئاگا دێنێت لە بێ ئاگایی.
٤ـ فەرموودەکە بەڵگەیە بۆ فەزلی بەردەوام بوون لەسەر تاعەتی خوا ئەگەر تاعەتەکە کەمیش بێت.