سەردێری پرسیار: کەسێک ڕۆژووی ڕەمەزانی لەسەرە و مردووە، دروستە نزیکەکانی بۆی بگرنەوە؟

بەرواری دانان: 2023-03-25 کۆدی پرسیار: 2776

پرسیار:

پرسیار: کەسێک ڕۆژووی ڕەمەزانی لەسەرە و مردووە، دروستە نزیکەکانی بۆی بگرنەوە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن ئەو کەسەی ڕۆژووی واجبی لەسەرە و مردووە دوو حاڵەتە:

یەکەم: کەسێک ڕۆژووی واجبی لەسەرە و نەیتوانیوە قەزا بکاتەوە لەبەر عوزر، ئەمەیان هیچی لەسەر نییە و واجب نییە خواردنیش بدرێت بۆی وەک کەفارەت، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە.

دووەم: کەسێک ڕۆژووی واجبی لەسەرە، جا ڕۆژووی نەزر بێت یان کەفارەت یان ڕەمەزان، وە دەیتوانی قەزا بکاتەوە بەڵام قەزای نەکردەوە تا مرد، ئەوە میراتگرەکانی دەتوانن بۆی بگرنەوە، ئەگەر ئەمە نەکەن خواردن دەدەن بۆ هەر ڕۆژێک خواردن دەدەن بە یەک هەژار، کە ئەمە وتەی کۆنی شافعی یە و وتەی ئیمام النووی و ابن باز و ابن عثیمینە، بەڵگە:

١ـ عن عائشةَ رَضِيَ اللهُ عنها أنَّ النَّبيَّ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم قال: (مَن مات وعليه صيامٌ، صام عنه وليُّه). رواه البخاري (1952)، ومسلم (1147).

واتە: لە عائیشە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (هەر کەسێک بمرێت و ڕۆژووی لەسەر بێت، ئەوە نزیکەکانی بۆ دەگرنەوە یان با بۆی بگرنەوە).

وتەی: (وعليه صيام)، بەڵگەیە ڕۆژووی واجبە، چونکە واجب لەسەر مرۆڤە، وتەی: (صام عنه وليُّه)، خەبەرە بە مانای فەرمان دێت، بەڵام ئەم فەرمانە بۆ واجب بوون نییە، وتەی: (صيامٌ)، لێرە بە نەناسراو هاتووە بێ ئەوەی (مقید) بکات بە ڕۆژوویەکی دیاریکراو.

٢ـ عن ابنِ عبَّاسٍ رَضِيَ الله عنهما، قال: جاء رجلٌ إلى النبيِّ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم، فقال: يا رسولَ اللهِ إنَّ أمِّي ماتت وعليها صومُ شَهرٍ، أفأقضيه عنها؟ قال: (نعم، قال: فدَينُ اللهِ أحقُّ أن يُقضى). رواه البخاري (١٩٥٣)، ومسلم (١١٤٨).

واتە: لە ابن عباس دەگێڕنەوە خوا لە هەردووکیان ڕای بێت دەفەرمووێت: پیاوێک هاتە لای پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم فەرمووی: ئەی نێردراوی خوا دایکم مردووە و ڕۆژووی یەک مانگی لەسەرە، ئایا بۆی قەزا بکەمەوە؟ پێغەمبەری خوا صلَّى اللهُ عليه وسلَّم فەرمووی: (بەڵێ، قەرزی خوای گەورە حەق ترە و لەپێشترە قەزا بکرێتەوە).

سەبارەت بە کەسی زیندوو بەهیچ شێوەیەک دروست نییە بەڕۆژوو بیت لەجیاتی کەس، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام