پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر زەکاتی زێڕ و ئەو شتانەی ئافرەت خۆی پێ دەڕازێنێتەوە؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە زێڕ و ئەو شتانەی ئافرەت خۆی پێ دەڕازێنێتەوە دەڵێن:
١ـ زێڕ و زیو ئەگەر پارە بێت دەبێت زەکاتی لێ بدەیت.
٢ـ ئافرەت ئەو شتەی خۆی پێ دەڕازێنێتەوە بێجگە زێڕ و زیو بێت، ئەوە زەکاتی لێ نادات، کە هەموو زانایان یەک دەنگن ئەو شتانەی کە ئافرەت خۆی پێ دەڕازێنێتەوە ئەگەر جوهر و یاقوت و ئەلماس بێت زەکاتی لێ نادات. (الاستذكار) لابن عبدالبر (٣/١٥٣).
٣ـ هەموو زانایان یەک دەنگن کە ئەوەی خۆتی پێ دەڕازێنیتەوە ئەگەر بەکارهێنانی حەڕام بێت زەکاتی دەدات، وەک ئەوەی پیاو زێڕ بەکاردەهێنێت بۆ جوانی. (الموسوعة الفقهیة) (١٨/١١٣)، (روضة الطالبین) للنووي (٢/٢٦٠).
٤ـ ئەو زێڕ و زێوەی ئافرەت هەلی گرتووە و لەبەری ناکات، بەڵکو بۆ بازرگانییە واجبە زەکاتی لێ بدات.
٥ـ زەکاتی زێڕو زیوی ڕێگەپێدراو ئەگەر بەکاری بهێنێت جیاوازی هەیە لە نێوان زانایا ، دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون واجبە زەکاتی لێ بدات، کە ئەمە وتەی ئەبو حنیفە و ثوری و داود و ابن حزم و ابن حجر صنعاني و ابن باز و ابن عثیمینە.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چووج زەکاتی لێ ناکەوێت، کە ئەمە وتەی مالکی و شافعی و حەنابلە و ابن خزیمە و ابن تیمییە و ابن قیم و شەوکانی و محمد بن ابراهیم و عبداللە حمید و محمد بن عبدالوهابە.
محمد الٲمین الشنقطي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەو زێڕەی کە ئافرەت خۆی پێ دەڕازێنێتەوە زەکات دانی باشترە و دڵنیاتره، چونکە هەر کەسێک خۆی لە شوبهەکان بپارێزێت ئەوە دین و ناموسی سەلامەت دەبێت و پارێزراو دەبێت، واز لەو شتانە بهێنە کە گومانی تێدایە و بڕۆ بەرەو ئەو شتەی کە گومانی تێدانییە). اضواء البیان(٢/١٣٤).
٦ـ زەکاتی زێڕ ئەم دوو مەرجەی هەیە:
ٲـ دەبێت بگات بە حەدی نیساب، واتە: (١٩.٥) مسقاڵ عەیار (٢١)، یان (١٧) مسقال عەیار (٢٤)، یان (٢٢.٥) مسقال عەیار (١٨).
نسابی زێڕی عەیار ٢٤ دیارە دەکاتە ٨٥غرام، ڕاستە فەرموودە هاتووە دەفەرمووێت دەبێت بیست دیناری زێڕت هەبێت ئەوجا زەکاتی لێ دەکەوێت، وە ئەو دینارەش یەک مسقال بووە، بەڵام زانایان دەڵێن مسقالی ئەو کاتە (٤.٢٥)غرام بووە، بەڵام مسقالی ئیستا (٥)غرامە.
ب ـ دەبێت یەک ساڵی هیجری بەسەری دا تێپەڕ ببێت.
٧ـ زەکات بەم شێوەیەیە حساب دەکرێت:
ـ وەزنی زێڕ (هەر عەیارێک بێت) × ٢.٥ ٪ = وەزنی زێڕ زەکات × نرخی زێڕ ئەو ڕۆژەی زەکات دەدەیت.
ـ یان وەزنی زێڕ (هەر عەیارێک بێت) ÷ ٤٠ = وەزنی زێڕ زەکات × نرخی زێڕ ئەو ڕۆژەی زەکات دەدەیت.
٨ـ زەکاتی زێڕ بەو نرخە دەدەیت کە زێڕینگر لێت دەکڕێتەوە، چونکە لەبازاڕی ئێستا عادەتەن زێڕی بەکارهاتووە لە یەک مسقال (١٠٠٠٠) دینار هەرزانتر دەکڕێنەوە، جار وایە (٧٠٠٠) هەرزانتر دەکڕنەوە لە نرخی فرۆشتن، بەگوێرەی نرخی کڕینەوەی ئەو ڕۆژەیە کە زەکات دەدەیت.
٩ـ هەر کەسێک ماڵ ببەخشێت پێش نیساب، واتە نەگەیشتۆتە (١٩.٥) مسقال عەیار (٢١)، ئەوە بۆی بە خێر دەنووسرێ نەک زەکات.
١٠ـ هەر کەسێک زەکات پێش وەقت دەربکات ئەگەر سوود تێدا بێت، وتەی ڕاست ئەوەیە دروستە.