پرسیار: ڕوونکردنەوەیەک لەسەرئەم فەرموودەیە بکەن: (إِذَا سَمِعَ أَحَدُكُمْ النِّدَاءَ وَالْإِنَاءُ عَلَى يَدِهِ فَلَا يَضَعْهُ حَتَّى يَقْضِيَ حَاجَتَهُ مِنْهُ)، مەبەست پێی کام بانگە هی یەکەمە یان دووەم؟
وەڵام: عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رضي الله عنه قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ): (إِذَا سَمِعَ أَحَدُكُمْ النِّدَاءَ وَالْإِنَاءُ عَلَى يَدِهِ فَلَا يَضَعْهُ حَتَّى يَقْضِيَ حَاجَتَهُ مِنْهُ). رواە ٲبو داود (٢٣٥٠)، قال الألباني في صحيح أبي داود: (إسناده حسن صحيح)، وصححه الحاكم والذهبي وعبد الحق الإشبيلي.
واتە: لە ئەبو هوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (ئەگەر یەکێک لەئێوە گوێی لە بانگ بوو و قاپ لەدەستی بوو با قاپەکە دانەنێت تا حاجەتی خۆی تەواو دەکات لێی).
ڕاڤەی وشەکانی فەرموودەکە و ماناکەی:
(إذا سَمِع أَحَدُكم النِّداءَ): جیاوازی هەیە ئایا مەبەست پێی کامە بانگە، سێ وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون مەبەستی فەرموودەکە هەموو بانگێکی نوێژە، واتە: هەر کەسێک گوێی لە بانگ بوو و خواردنی دەخوارد، ئەوە با خواردن و خواردنەوە تەواو بکات و پاشان با وەڵامی بانگ بداتەوە بچێت بۆ نوێژی جەماعەت، ئەمەش وەک ئەم فەرموودەیە: (وُضِعَ العَشاءُ وأُقيمَتِ الصَّلاةُ فابْدؤوا بالعَشاءِ).
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون مەبەست پێی گوێ لێ بوونی بانگی بەیانی یە بۆ بەڕۆژوو بوون، جا مانگی ڕەمەزان بێت یان هەر مانگێکی تر بێت.
سێیەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەمەیان باسی خواردن و خواردنەوەیە پێش فەجری ڕاستگۆ، واتە کاتی بانگی یەکەم نەک دووەم.
خاوەنی عون المعبود دەفەرمووێت: (بەیهەقی دەفەرمووێت: ئەگەر فەرموودەکە ڕاست بێت مەبەست پێی بانگ دانە پێش هەڵاتنی فەجر بەجۆرێک خواردنەوەکەی بکەوێتە پێش هەڵاتنی فەجر). عون المعبود (٦/٣١).
(والإناءُ على يدِه): واتە: قاپی خواردن یان خواردنەوەی لەدەست بێت.
سوودەکانی فەرموودەکە:
١ـ ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە وەڵام دانەوەی بانگ بە بیستنی بانگە.
٢ـ لەسەر لێکدانەوەی یەکەم ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە بۆ خواردن تەواوکردن کاتی بانگ، بۆ ئەوەی دواتر کە دەچێت بۆ نوێژ بە خشوعەوە ئەنجامی بدات.
٣ـ لەسەر لێکدانەوەی دووەم فەرموودەکە بەڵگەیە دروستە دوای بانگی بەیانی خواردن و خواردنەوە بخۆیت ئەگەر قاپ لە دەستدا بێت، کە ئەم وتەیە پێچەوانەی وتەی زۆربەی زانایانە، دەتوانی بڵێی مەجالی تێدایە، چونکە:
ٲـ فەرموودەکە لەسەر ڕووکەشی خۆیەتی.
ب ـ ئەوەی ئاو دەخواتەوە ڕێگەی پێدراوە لە کاتێک ئاو بخواتەوە کە بۆی دروستە، کەواتە کۆتایی ئاو خواردنەوەکەشی شوێن کەوتەی سەرەتاکەیەتی.
ج ـ پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرمووێت: (هەر کەسێک بگات بە ڕەکاعەتێک نوێژ ئەوا بە نوێژ گەیشتووە)، ئەمەشیان خوای گەورە چاوپۆشی لێی کردووە کە دروستە. (تفسیر ابن عثیمین) (٢/٣٧٠).
ئەوەی گرنک بێت ئەوەیە واجبە ئیماندار خۆی بگرێتەوە لە خواردن و خواردنەوە کاتی هەلاتنی فەجری ڕاستگۆ، هەر کەسێک کاتی هەڵاتنی فەجری ڕاستگۆ خواردن بخوات ڕۆژووی دروست نییە، وە هەر کەسێک قاپێک خواردن یان خواردنەوەی لە دەست بێت لەسەر وتەی هەندێک زانا دەتوانێ بیخوات کاتی هەڵاتنی فەجری ڕاستگۆ، بەڵام ئەم خواردنەی ناو قاپ یان خواردنەوە دەڵێن دەبێت کەم بێت نەک قاپێکی پڕی گەورە لە ناو دەستی خۆت دابنێیت وە دەزانێ فەجر نزیکە هەڵدێت.