پرسیار: ئایا ڕاستە مناڵ لەڕۆژی حەوتەم قژی بتاشرێت و لەبەر زێر یان زیو بکێشرێت ببەخشێت؟
وەڵام: سەبارەت بە قژ تاشینی مناڵ لە ڕۆژی حەوتەم زانایان دەڵێن:
١ـ سوننەتە لە ڕۆژی حەوتەم دوای لەدایک بوون قژی مناڵ بتاشرێت نەک واجبە.
٢ـ سوننەتە لە ڕۆژی حەوتەم قژی کوڕ بتاشرێت، سەبارەت بە کچ قژی ناتاشرێت. (مجموع فتاوى ورسائل العثيمين) (٢٥/ ٢١٥).
٣ـ سوننەتە بە قەد کێشی قژی زیو ببەخشرێت کە ئەمە وتەی حەنابلەیە، لەسەر وتەی هەندێک زانا دەتوانی زێڕ یان زیو ببەخشیت، کە ئەمە وتەی مالکی و شافعی یە، دەتوانی بە پارە ببەخشیت بە نرخی ئەو ڕۆژە. (الموسوعة الفقهية) (26/ 107).
٤ـ ئەسڵ وایە سەر دەتاشرێت بە موس، ئەگەر نەکرا لە ترسی بریندار کردنی سەری دەتوانی کورت بکەیتەوە، ئەگەر ئەمەش نەکرا دەتوانی بەقەد کێشی قژی زیو ببەخشی.
٥ـ هەموو سەر دەتاشی یان کورت دەکەیتەوە نەک هەندێکی، چونکە تاشینی هەندێک و هێشتنەوەی هەندێکی تر نەهی لێی کراوە. (تحفة المودود) لابن القیم (١٠٠).
٦ـ قژ تاشین دوای عەقیقە دەکرێت. (الموسوعة الفقهية) (26/ 107).
عَنْ عَلِيِّ بْنِ أَبِي طَالِبٍ قَالَ: عَقَّ رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ) عَنِ الحَسَنِ بِشَاةٍ، وَقَالَ: (يَا فَاطِمَةُ، احْلِقِي رَأْسَهُ، وَتَصَدَّقِي بِزِنَةِ شَعْرِهِ فِضَّةً)، الترمذي (١٥١٩)، حسنه الألباني في (صحيح الترمذي).
واتە: لە عەلی دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) عەقیقەی بۆ حەسەن کرد بە یەک مەڕ، پاشان فەرمووی: (ئەی فاتیمە سەری بتاشە و بەقەد کێشی قژی زیو ببەخشە).