سەردێری پرسیار: ئافرەتێک دوای عصر پاک بۆتەوە، ئایا واجبە لەسەری نوێژی نیوەڕۆش قەزا بکاتەوە؟

بەرواری دانان :2023-04-02 کۆدی پرسیار:2804

پرسیار:

پرسیار: ئافرەتێک دوای عصر پاک بۆتەوە، ئایا واجبە لەسەری نوێژی نیوەڕۆش قەزا بکاتەوە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە کردنەوەی هەردوو نوێژی نیوەڕۆ و عصر بۆ ئافرەت ئەگەر پاک بووەوە لە خوێن، دوو وتە هەیە:

یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون واجبە هەردوو نوێژ بکاتەوە، نوێژی نیوەڕۆ و عصر، بەڵام ئەگەر ئافرەت پاک بووە دوای نوێژی نیوەڕۆ یان بەیانی یان مغرب تەنها نوێژی نیوەڕۆ و بەیانی و مغرب دەکات، چونکە ئەم سێ نوێژە کۆناکرێنەوە لەگەل نوێژی پێش خۆی، بەڵگە:

١ـ ئەثەر نەقل کراوەن لە ابن عباس و عبدالرحمن بن عوف و تابعین کە دەبێت هەردوو نوێژ بکاتەوە.

٢ـ کاتی نوێژی دووەم کاتی نوێژی یەکەمیشە ئەگەر عوزری هەبێت، دروستە کاتێ عوزرت هەبێت ئەم دوو نوێژە کۆ بکەیتەوە، کەواتە گەیشتن بە هەندێک کات هەروەک ئەوە وایە کە بە هەموو کات گەیشتبیت.

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون تەنها نوێژی عصر دەکاتەوە نەک نوێژی نیوەڕۆش، کە ئەمە وتەی حەسن و ثەوری و ابن عثیمینە، بەلگە:

١ـ کاتی نوێژی یەکەم چووە ئافرەت لە عوزردا بووە، چۆن شتێک لەسەری واجب دەکەی کەچی لەو کاتە لەسەری واجب نەبووە.

٢ـ پێغەمەر (ﷺ) دەفەرمووێت: (من ٲدرك ركعة من العصر قبل ٲن تغرب الشمس فقد ٲدرك العصر). متفق علیە.

واتە : (هەر کەسێک یەک ڕەکاعەت نوێژی ئێوارە پێی بگات پێش خۆر ئاوابوون ئەوە بە نوێژی ئێوارە گەیشتووە).

هەر کەسێک لەم فەرموودەیە وردبێتەوە فەرموودەکە ڕوون و ئاشکرایە کە تەنها نوێژی عصر لەسەر واجب دەبێت نەک نوێژی نیوەڕۆش.

٣ـ بۆچی زۆربەی زانایان دەڵێن ئافرەت ئەگەر تووشی حیض بوو دوای نوێژی نیوەڕۆ (واتە: نوێژی نیوەڕۆی نەکرد تووشی حیض بوو)، کاتێک پاک دەبێتەوە تەنها لەسەری واجبە نوێژی نیوەڕۆ بکات نەک عصریش، بەڵام بۆ دوای نوێژی عصر ئەگەر پاک بووەوە دەبێت نوێژی عصر و نیوەڕۆ بکات؟! ئایا وتەکەیان (تناقض)ی تێدا نییە؟ (فتح ذي الجلال والاکرام) (٢/ ٧٠ـ٧١).

وتەی ڕاست وتەی دووەمە کە تەنها نوێژی عصر دەکات و نوێژی نیوەڕۆ ناکات، واللە ٲعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام