سەردێری پرسیار: مەبەست لەم فەرمودەیە چیە: (رُبَّ صائمٍ ليس له مِن صِيامِه إلَّا الجوعُ والعطش)؟ ئایا لە پاداشت کەم دەبێتەوە یان تەواو بەتال بووە؟

بەرواری دانان :2023-04-12 کۆدی پرسیار:2825

پرسیار:

پرسیار: مەبەست لەم فەرمودەیە چیە: (رُبَّ صائمٍ ليس له مِن صِيامِه إلَّا الجوعُ والعطش)؟ ئایا لە پاداشت کەم دەبێتەوە یان تەواو بەتال بووە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رضي الله عنه قَالَ : قَالَ رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ): (رُبَّ صَائِمٍ لیس لە مِنْ صِيَامِهِ الا الْجُوعُ وَالْعَطَشُ). صحيح ابن ماجه (١٣٨٠)، أخرجه النسائي في (السنن الكبرى) (٣٢٤٩)، وابن ماجه (١٦٩٠) واللفظ لهما، وأحمد (٩٦٨٣) باختلاف يسير.

واتە: لە ئەبو هوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (ڕۆژووگر هەیە هیچی بۆ نامێنێتەوە لە ڕۆژووەکەی جگە لە برسیەتی و تێنوویەتی).

سوودەکانی فەرموودەکە:

١ـ فەرمووەکەی بەڵگەیە دەبێت موسڵمان عیبادەت ئەنجام بکات بەشێوەی باش و تەواو، تا پاداشت بەدەست بێنێت، جار وایە لەگەڵ عیبادەت کردەوەیەک تێکەڵ دەکات پاداشتی عیبادەتەکەی کەم دەکات یان پووچی دەکات.

٢ـ فەرموودەکە باسی کەسێکە بەڕۆژوو دەبێت نییەتی پاک نییە و ئیخلاسی نییە، یان باسی کەسێکە خۆی لە وتەی پوچ و درۆ و غەیبەت و بوختان بەدوور ناگرێت، ئەندامەکانی ناپارێزێت لە تاوان.

ئەوەی بەڕۆژوو دەبێت هیچی بۆ نامێنێتەوە جگە لە تێنوویەتی و برسیەتی دوو ئەگەری هەیە:

ـ یان هیچی بۆ نامێنێتەوە و ڕۆژووەکەی پوچ دەبێتەوە، واتە: نەفی دروستی پاداشت دەکات، چونکە تووشی ڕیا بووە و بە پاکی بۆ خوا بەڕۆژوو نەبووە.

ـ یان پاداشتی تەواو بۆی نییە، واتە: نەفی تەواوی پاداشت دەکات.

٣ـ فەرموودەکە بەڵگەیە بۆ هاندان بۆ ئیخلاس لە عیبادەتدا، چونکە نییەت یان کردەوە پوچ دەکات یان گەورەی دەکات، زۆر کردەوە هەیە گەورەیە بەڵام نییەت بچووکی دەکاتەوە یان پوچی دەکات، وە زۆرکردەوەش هەیە بچووکە نییەت گەورەی دەکات.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام