سەردێری پرسیار: ئایا ڕاستە ئەڵێن دوای نوێژی ویتر شەو نوێژ قوفڵ ئەبێت؟ نازانم شتی وا ئەبیستم بەس باوەڕ ناکەم هیچ بەڵگەیەک هەیە؟

بەرواری دانان :2023-04-14 کۆدی پرسیار:2827

پرسیار:

پرسیار: ئایا ڕاستە ئەڵێن دوای نوێژی ویتر شەو نوێژ قوفڵ ئەبێت؟ نازانم شتی وا ئەبیستم بەس باوەڕ ناکەم هیچ بەڵگەیەک هەیە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن نابێت لە یەک شەودا دوو ویتر بکەیت، بەلگە:

ـ عن طلق بن علي قال: سمعت رسول الله (ﷺ) يقول: (لا وتران في ليلة). رواه احمد، وابوداود، والترمذي، والنسائي.

واته: لە طلق بن علي دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: گوێم لە پێغەمبەری خوا بوو (ﷺ) دەیفەرموو: (دوو ویتر لە یەک شەودا نییە، نابێت دوو ویتر لە یەک شەودا بکەیت).

جیاوازی ھەیە لە ھەلوەشاندنەوەی ویتر، هەڵوەشاندنەوەی ویتریش بەم شێوەیەیە: کەسێک شەونوێژ و ویتر دەکات سەرەتای شەو، پاشان ھەلدەسێتەوە بۆ شەو نوێژ ویتر ھەلدەوەشێنێتەوە بە کردنی ڕەکاعەتێکی تر، بۆ ئەوەی لەگەڵ ویتری پێشوو ببێت بە جووت، ئەمەیان دوو وتە ھەیە:

یەکەم: زۆربەی زانایان دەڵێن نابێت ویتر ھەلبوەشێنیتەوە، ھەر کەسێک بییەوێت سوننەت بکات با جووت جووت بکات و ویتر جارێکی تر نەکات، کە ئەمە وتەی ھەر چوار مەزھەبەکانە.

دووەم: ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە ویتر ھەڵبووەشێنیتەوە، کە ئەمە وتە عثمان و عەلی و ابن مسعود و ابن عمر و ابن عباس و ابن سيرينە.

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (نابێت ویتر ھەلبوەشێنیتەوە پێچەوانەی وتەی ئەوانەی دەلێن دروستە، مانای ویتر ھەلوەشاندنەوە ئەوەیە کاتێک ویترت کرد پاشان بۆت گونجا نوێژ بکەیت یەکەم جار یەک ڕەکاعەت دەکەیت بۆ ئەوەی لەگەل ویتری پێشتر ببێت بە جووت، پاشان دوو ڕەکاعەت دوو ڕەکاعەت نوێژ دەکەیت، پاشان ویترێکی تر دەکەیت، کەواتە لەسەر ئەم وتەیە سێ ویتر دەکات، سەرەتای شەو و پێش دەست کردن بە نوێژ جارێکی تر وە دوای نوێژ کردن). فتح ذي الجلال والاکرام (٤/٢٤٤).

وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە کە نابێت ویتر ھەلبوەشێنیتەوە، بەڵکو نوێژی سوننەت دەکەیت چەند ویستت لێ بێت، وە ویتری یەکەم ماوە جارێکی تر ویتر مەکە، چونکە:

١ـ پێغەمبەر (ﷺ) دوو ڕەکاعەتی کردووە دوای ویتر، بەلکو فەرمانیشی کردووە، ئەمە بەلگەیە کە تایبەت نییە بە پێغەمبەر (ﷺ).

٢ـ مرۆڤ کاتێک ویتر دەکات پاشان دەخەوێت و پاشان ھەلدەستێت و دەست نوێژ ھەلدەگرێت یەک ڕەکاعەتی تر دەکات ئەم نوێژە نوێژێکی ترە، نابن بە یەک نوێژ چونکە لە نێوانیان دا نووستن و بێ دەست نوێژی و دەست نوێژ گرتن و قسەکردنی تێدایە.

قوفل بوونی شەو نوێژ دوای ویتر ڕاست نییە، ڕاستە باشتر وایە کۆتایی شەو نوێژ ویتر بێت هەروەک فەرموودە هاتووە ئاماژەی بۆ ئەمە کردووە، بەڵام ماناکەی ئەوە نییە قوفل دەبێت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام