سەردێری پرسیار:حوکمی سەرفترە دان بە پارە؟

بەرواری دانان :2023-04-16 کۆدی پرسیار:2830

پرسیار:

پرسیار: حوکمی سەرفترە دان بە پارە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بە زەکاتی سەرفترە دەڵێن:

١ـ ئەسڵ وایە زەکاتی سەرفترە خواردن دەدرێت، چونکە پێغەمبەر (ﷺ) خواردنی داوە و ھاوەڵانیش خواردنیان داوە.

٢ـ پارە دان لە جیاتی خواردن سێ وتەی لەسەرە:

ـ زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون پارە دان بۆ زەکاتی سەرفترە بە زەکات ناچێت دەبێت ئیلا خواردن بێت، کە ئەمە وتەی مالک و شافعی و ئەحمەد و ابن عثيمين.

ـ ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە پارە بدرێت، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و وتەیەکە لە وتەکانی شافعی و ئەحمەد.

ـ ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەگەر پێویست بکات یان مەسلەحەتی تێدابێت دروستە پارە بدرێت، کە ئەمە وتەی ئیمام ئەحمەد و ابن تیمیەیە. (مجموع الفتاوی) لابن تیمیە (٢٥/٧٩).

وتەی ڕاست ئەسڵ وایە زەکاتی سەرفترە خواردن دەدرێت، بەڵام ئەگەر مەسلەحەتی تێدابوو یان پێویست بکات دەتوانی پارە بدەیت لەسەر وتەی هەندێک زانا، خەڵکانێک زۆر ئاسانکاری دەکەن لە پارەدان لەگەڵ ئەوەش خواردن ئەسڵە.

٣ـ ئەگەر ئەوەی سەرفترە دەدات کەسی دەست نەکەوت خواردن وەربگرێت، واتە کەسی دەست نەکەوت برنج وەربگرێت یان خورما یان گەنم، یان ئەوان ھیچ وەرناگرن ئیلا پارە نەبێت، ئەو کات پارە دەدرێت بە ئەندازەی نرخی مەنێک خواردن.

ئەوەی گرینگ بێت بابەتەکە فقهی یە دەبێت ڕێز لە وتەی زانایان بگیرێت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام