پرسیار: ئاڵتوون بەقەرز جائیزە؟ بۆ نموونە پێنج مسقاڵ ئاڵتون بێنم بەقەرز دوای ساڵێ پارەی پێنج مسقاڵی بدەمێ؟ یان ئەبێ پێنج مسقاڵەکەی بۆ بگەڕێنمەوە وەکو خۆی؟
وەڵام: زانایان دەڵێن دروستە زێڕ و ھەر شتێکی تری ڕیبەوی بە قەرز وەربگریت، پاشان ھەمان وەزن یان ژمارە بۆی ببەیتەوە، چونکە:
١ـ ئەو بەڵگانەی ھاتوون دەبێت دەست بە دەست بێت باسی کڕین و فرۆشتنە، باسی قەرزی نەکردووە.
٢ـ قەرز شت بە خەڵک دانە و چاکە لەگەڵ کردنە، پێچەوانەی کڕین و فرۆشتن.
٣ـ خەڵک لەسەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) دینار و درھەم و گەنم و جۆیان بە قەرز لە یەکتر وەردەگرت، پاشان بۆ یەکتریان دەبردەوە، ھەتا ئێستا ئەمە بەردەوامە.
ابن القطان ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ھەموو زانایان یەک دەنگن بە قەرز وەرگرتنی دینار و درھەم و گەنم و جۆ و خۆرما و زێڕ دروستە، وە ھەموو خواردنێکی تری لەم جۆرە کیل و وەزنی ھەبێت). (الإقناع في مسائل الإجماع) لاپەڕە (١٩٧).
ئاڵتونی ئێستا لەم سەردەمە دوو جۆری هەیە:
١ـ هەیە بێ حەق دەستە یان حەق دەستی زۆر کەمە، نموونە لیرە.
٢ـ هەیە حەق دەستی لەگەڵە، کە زۆربەی زێڕی بازاڕ حەق دەستی هەیە، حەق دەستیش بەپێی جۆری زێڕە لە (٢٠) هەزار دەست پێ دەکات بۆ (١٢٠) هەزار و زیاتر.
ئەوەی زێڕی بە قەرز وەرگرتووە ئەگەر جۆری یەکەم بێت، ئەوە دروستە زێڕی بۆ بباتەوە، وە دەتوانێت کاتی دانەوەی زێڕ بە نرخی ئەو ڕۆژە پارەی پێ بدات و ئەو حەق دەستە کەمەش بدات.
ئەگەر لە جۆری دووەم بێت دەبێت وەک ئەو زێڕە بۆی بباتەوە کە لێی وەرگرتووە، چونکە حەق دەستیان جیاوازە، ئەگەر پارەش بداتەوە لەجیاتی زێڕ دەبێت ڕەچاوی حەق دەست بکات، چونکە کەسێک (٥) مسقاڵ لەکەسێک وەردەگرێت کە حەق دەستێکی زۆری داوە، معقولە کاتێک بۆی دەگەڕێنێتەوە زێڕێکی تر بگەڕێنێتەوە زیانی پێ بکەوێت، یان معقولە پارەی پێ بدات بە نرخی فرۆشتنی ڕۆژ، ئەگەر بڕوات زێڕ بکڕێتەوە بەو پارەیە پێنج مسقاڵی پێ نایەت، بۆیە ئەمە لە جوانی قەرز دانەوە نییە، چەند بۆی دەکرێت زێڕ وەک خۆی بۆی بباتەوە، ئەمە باشترە.