پرسیار: ئەگەر کەسێک لە ڕەمەزان چەن ڕۆژێک نەگرێت بەهۆی عوزرێکی شەرعیەوە دواتر دوای جەژن بیگرێتەوە ئایا هەمان حوکمی ڕەمەزانی هەیە ئەو ڕۆژووەی ئەیگرێت؟ واتە مەرجە نیەت بهێنێت یان نەتوانێ بیشکێنێ ئیلا بە هۆکارێکی شەرعی تر نەبێت یان ئەگەر جووت بێت لەگەڵ خێزانی دەبێت کەفارەت بدات؟ وە گوناح بارە یان فەرقی هەیە لەگەڵ ڕەمەزان و وەک ڕۆژوویەکی سوننەت ئەتوانێ بەبێ عوزر بیشکێنێ؟
وەڵام: کەفارەت دانی جووت بوون تایبەتە بە شکاندنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان لە مانگی ڕەمەزاندا، ئەم حورمەتە هی مانگی ڕەمەزان و ڕۆژووی واجبە پێکەوە، هەر کەسێک جووت بوون ئەنجام بدات لە ڕۆژی قەزاکردنەوەی ڕۆژووی ڕەمەزان، ئەوە کەفارەتی لەسەر نییە بە یەک دەنگی هەر چوار مەزهەبەکان، هەندێک زانا یەک دەنگی زانایان نەقل دەکەن، بەڵام یەک دەنگی نییە چونکە قەتادە بۆ ئەوە چووە کەفارەتی لەسەرە. (التمهيد) لابن عبد البر (7/181)، (الإشراف) لابن المنذر (3/124)، (المغني) لابن قدامة (3/139).
کەواتە بۆ واجب بوونی کەفارەت دوو مەرج هەیە:
یەکەم: دەبێت بەڕۆژوو بێت و ڕۆژووی واجب بێت.
دووەم: دەبێت لە مانگی ڕەمەزاندا بێت.
سەبارەت بە نییەت مەرجە بۆ ڕۆژووی واجب و سوننەت.
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ڕۆژوو دروست نییە مەگەر بە نییەت، هەموو زانایان یەک دەنگن، جا ڕۆژووەکە واجب بێت یان سوننەت). (المغني) لابن قدامة (3/ 109).
وتەی ڕاست وتەی واجب نییە ڕۆژووی سوننەت تەواو بکەیت، بەڵام ڕۆژووی واجب واجبە تەواو بکەیت و حەڕامە بشکێنی بێ عوزر ئەگەر قەزاکردنەوەش بێت، واللە اعلم.