پرسیار: شەش ڕۆژووی شەوال لەگەڵ ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان وەک بەڕۆژوو بوونی ساڵ وایە، شەش ڕۆژووی شەوال بەقەد دوو مانگە، مانگی ڕەمەزانیش بەقەد دە مانگە، چۆن دەکرێت پاداشتی ڕۆژووی سوننەت یەکسان بێت لەگەڵ ڕۆژووی واجب لە ژمارەدا؟ ئایا هیچ فەرموودە هاتوون؟
وەڵام: لە ئەبو ئەیوب دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر خوا (ﷺ) فەرمووی: (مَنْ صَامَ رَمَضَانَ ثُمَّ أَتْبَعَهُ سِتًّا مِنْ شَوَّالٍ كَانَ كَصِيَامِ الدَّهْرِ). رواه مسلم (١١٦٤).
واتە: (ھەر کەسێک مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت، پاشان شەش ڕۆژی لە مانگی شەوال بەڕۆژوو بێت وەک ئەوە وایە ساڵ ھەمووی بەڕۆژوو بووبێت).
لە ثەوبان دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت گوێی لە پێغەمبەر خوا (ﷺ) بوو دەیفەرموو: (جعل اللە الحسنة
بعشر، فشهر بعشرة اشهر، وستة ایام بعد الفطر تمام السنة). اخرجە النسائي في (الکبری) (٣/٢٣٩)، وابن ماجە (١٧١٥)، واحمد (٣٧/٩٤) وهو حدیث صحیح.
واتە: (خوای گەورە یەک چاکەی بە دە چاکە داناوە، مانگی ڕەمەزانی بە دە مانگ داناوە، وە شەش ڕۆژی دوای جەژن تەواوکەری ساڵن).
زانایان دەڵێن گومانی تێدانییە ڕۆژووی واجب خێری زیاترە لە ڕۆژووی سوننەت، گومانی تێدانییە ڕۆژووی ڕەمەزان خێرتن لە ڕۆژووی شەوال، یەکسان بوونی ڕۆژووی ڕەمەزان و شەوال لە ژمارەدا مانای ئەوە نییە یەکسانن، لەوانەیە لە ژمارەدا یەکسان بن بەڵام لە قەبارەدا زۆر جیاواز بن، هەروەک پێغەمبەری خوا (ﷺ) سەبارەت بە (قراط) دەفەرمووێت: (بچووکترینی بەقەد کێوی ئوحدە)، ئەمە بەڵگەیە (قراط)کان لێک جیاوازن.