پرسیار: کەسێک وەسیەتی کردووە لە فلانە گۆڕستان بنێژن یان لە تەنیشت فلانە کەس، ئایا ئەمە دروستە و واجبە وەسیەتی جێ بەجێ بکرێت؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١ـ دروستە وەسیەت بکرێت لە فلانە گۆڕستان بمنێژن یان لە تەنیشت فلانە کەس، هیچی تێدانییە ئەگەر لەگەڵ کەسە باشەکان بێت، یان لە فلانە گۆڕستان لەبەر ئەوەی لەسەر سوننەت دەڕۆن کاتی ناشتن و شاردنەوە.
٢ـ دەبێت وەسیەتی جێ بەجێ بکەن ئەگەر توانایان هەبوو، ئەگەر نەیانتوانی وەسیەت جێ بەجێ بکەن لەبەر دووری شوێنەکە یان بەرژەوەندی تر، ئەوە پێویست ناکات وەسیەت جێ بەجێ بکرێت و لە هەر گۆڕستانێکی تری موسڵمانان بنێژرێت دروستە.
٣ـ لە هاوەڵان نەقل کراوە خوا لێیان ڕازی بێت وەسیەتیان کردووە بۆ نێژرانیان، هەندێکیان وەسیەتیان کردووە لە شوێنێک بیانێژن کەس پێی نەزانێت، وەک ئەوەی کەسێکی باشە یان زانایە ترسی ئەوەی هەیە زیادەڕەوی تێیدا بکرێت، هەروەک لە ئیمام عەلی نەقل کراوە وەسیەتی کردووە لە مالی خۆی بینێژن، لە شەودا نێژراو و گۆڕیشی بزر کرا، چونکە خەڵکانێک هەبوون وا بەگەورەیان داناوە گوتوویانە خوایە و ترسی عیبادەت بۆ کردنی هەبوو.
٤ـ گرینگترین شت ئەوەیە ڕەچاوی ئەو شتە بکرێت کە سوودی بۆ مردوو هەیە، زۆرجار مردوو دەبردرێتە شوێنێکی زۆر دوور کەم کەس نوێژی لەسەر دەکەن و شوێن جەنازەکە دەکەون، هەروەها زۆر جار خەڵکیش تووشی مەشەقەت و بارگرانی دەبێت.
٥ـ نەقل کردنی مردوو بۆ ولاتێکی تر یان شارێکی تر کە زۆری پێ دەچێت یان چەند ڕۆژی پێ دەچێت دروست نییە، چونکە دروست نییە مردوو تاخیر بکرێت هەروەک فەرموودە ئاماژەی بۆ ئەمە کردووە.
٦ـ ئەوەی گرینگ بێت موسڵمان بیزانێت کردەوەی باش سوودی بۆ مرۆڤ هەیە نەک ئەم شتانە، ئەگەر کەسێک باش نەبێت لە هەر شوێنێک بنێژی سوودی نییە، مردوو پێویستی بە نوێژ لەسەر کردن و دوعا و داوای لێخۆش بوون و دانەوەی قەرزی هەیە ئەگەر قەرزار بێت یان پێویستی بە گەردەن ئازا کردن و عەفو کردن هەیە.