پرسیار: ئایا تەلاقی بیدعی (واتە: تەلاق دان لە حەیزدا) تەلاقی دەکەوێت؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە تەلاق دانی ئافرەت لە حەیزدا یان لەو پاک و خاوێنی یە لەگەڵی جووت نەبووە، دوو وتە هەیە:
یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون تەلاقی دەکەوێت، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە، چونکە:
١ـ دەقەکان گشتین بۆ تەلاق، جا لە حەیزدا بێت یان پاک بێت. (شرح مختصر الطحاوي) للجصاص (٥/٢٧).
٢ـ پێغەمبەری خوا (ﷺ) بە (ابن عمر)ی فەرموو: (بیگەڕێنەوە)، گەڕاندنەوە ناکرێت مەگەر دوای تەلاق، بەڵگەیە تەلاقی کەوتووە. (فتح الباري) لابن حجر (٩/٣٥٥).
٣ـ ابن عمر دەفەرمووێت: (تەلاقێک لەسەرم حساب کرا)، خۆی خاوەنی چیڕۆکەکە بوو و لە هەموو کەسێک زاناترە، ناکرێت ابن عمر تەلاق لەسەر خۆی حساب بکات بێ فەتوای پێغەمبەری خوا (ﷺ)، هەروەها ڕیوایەت هاتووە پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەسەری حساب کردووە. (فتح الباري) لابن الحجر (٩/٣٥٣).
٤ـ تەلاقی بیدعی نەهی لێی کراوە بەڵام مانای ئەوە نییە تەلاقی ناکەوێت، چونکە خوای گەورە ظهاری بە (منکرا من القول وزورا) وەسف کردووە، لەگەڵ ئەوەش باپەند کراوە بەو حوکمە و حەڕامیش بووە. (شرح مختصر الطحاوي) للجصاص (٥/٦٢).
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون تەلاق لە حەیز ناکەوێت، کە ئەمە وتەی ابن تیمیە و ابن قیم و صنعانی و شەوکانی و ابن بازە، بەڵگە:
١ـ فەرموودەی ابن عمر ڕیوایەت هاتووە دەفەرمووێت: (فردها علي ولم یرها شیئا).
٢ـ هەر شتێک پێچەوانەی شەرع بێت و فەرمانی شەرعی لەسەر نەبێت ڕەت دەکرێتەوە، هەروەک فەرموودە هاتووە ئاماژەی بۆ ئەمە کردووە.
جیاوازییەکە بەهێزە و بەڵگەکان زۆرن، ئەوەی دیار بێت لەڕووی زانستییەوە وتەی زۆربەی زانایان بەهێزە کە تەلاقی دەکەوێت، بەڵام لەڕووی جێ بەجێکردنەوە بۆ حوکمی قازی دەگەڕێتەوە، هەروەک ابن باز دەفەرمووێت: (ئەگەر قازی حوکمی دا بەوەی تەلاق لە حەیزدا ناکەوێت ئەوە وتەی وەردەگیرێت، چونکە حوکمی قازی جیاوازی بابەتە ئیجتیهادیەکان هەڵدەکرێت).